هاوپەیمانی نیشتیمانی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئیدانەی دەستگیرکردنی هاوڵاتیان دەکەن

لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی، لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نارەزایەتییان دژی دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان دەردەبرن و لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە و دەڵێن: ماوەیەکە کۆمەلێک کاری نەخوازراو و دوور لەبنەماکانی ئازادی ڕادەربڕین دەبیندرێن، ھەرلەداخستنی دەرگای سینەما سالم وگرتنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان، داواکارین کۆتای بەودیاردە ناشیرینە بھێندرێت.


ئەمڕۆ دوای ئەوەی بەمەبەستی نمایشكردنی فیلمی شەهید ساكینە جانسز كۆمەڵێك هاوڵاتی و نوێنەری لایەنە سیاسیی و ڕێكخراوەكان چونە سەكۆی ئازادی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی، ئاسایشی شارەكە ڕێگریی كردوو ٥٢ كەسی دەستگیركرد، كەتێیاندا بەڕێوەبەرانی تەڤگەریی ئازادیی و بەرەی دیموكراسی گەل هەن و زۆرینەی دەستگیراوانیش ژن بوون.

لەو بارەیەوە لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی کوردستان، لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە و دەڵێن: بەداخەوە ماوەیەکە کۆمەڵێک کاری نەخوازراو و دوور لەبنەماکانی ئازادیی ڕادەربڕین دەبیندرین، ھەرلەداخستنی دەرگای سینەما سالم وگرتنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان، لەپاریزگاکەمان کەبۆتە جێگای نیگەرانی ھەموولایەک، داواکارین کۆتای بەودیاردە ناشیرینە بھێنرێت .

هەروەها دەڵێن: ئێمە بە ھەموو شێوازێک دژی خنکاندنی ئازادی ڕادەربڕینین و بەھەموو توانامانەوەپشتیوانی لەئازادیی ڕادەربڕین دەکەین، بۆیەداواکارین ھەرچی زووە کار بۆئازادکردنی چالاکوانان بکرێت، ناکرێت ئەوەمان بیربچێت پایتەختی ڕۆشنبیری بەئازادیەوە جوانە نەک بەپیچەوانەوە.

لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی کوردستان، پێکدێت لەهەریەک لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

د.ع