هاوژین مەلائەمین: دوایین پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان جەختکردنەوەیە لە چارەسەریی

هاوژین مەلا ئەمین، نووسەر و مامۆستای زانکۆ بەگرنگەوە باس لە دوایین پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە دەکات و پێیوایە، کە ئەو پەیامە جەختکردنەوەیە لە ڕوانگەیەکی ستراتیژیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەش بە گرنگیی یەکگرتوویی کورد دەکات لە وەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتیدا و دەڵێت: ڕێبازی ئاشتی بەبێ یەکگرتوویی کورد ئامانجەکانی ناپێکێت.


ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە، عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە زیندانی ئیمرالییەوە پەیامێکی لە ڕێگای پارێزەرەکانییەوە بڵاوکردەوە، ئۆجالان لە پەیامەکەیدا ئامادەیی خۆی بۆ وەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەبڕی و ڕایگەیاند، کە ئەگەر دەوڵەتی تورک هەنگاوی پێویست بنێت، دەتوانێت لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاشتی بخاتەوە سەرپێ.

لەبارەی گرنگیی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان، خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ناو پەیامەکە، ڕوانگەی کورد بۆ ئەو پەیامە و ڕۆڵی یەکگرتوویی کورد لە وەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتیدا، هاوژین مەلا ئەمین، نووسەر و مامۆستای زانکۆ و بەڕێوبەری ناوەندی سوهرەوەردی، لەم چاوپێکەوتنەدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوزی دایەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

- پەیامەکەی ٧ی ئەم مانگەی عەبدوڵا ئۆجالان چۆن دەبینن و گرنگییەکەی لەچیدایە؟

"جەخت لە ڕوانگەیەکی ستراتیژیی دەکاتەوە کە پەیوەندیدارە بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"

هاوژین مەلائەمین: بایەخی ئەم پەیامەی بەڕێز ئۆجالان لەوەوەیە کە جەخت لە ڕوانگەیەکی ستراتیژیی دەکاتەوە کە پەیوەندیدارە بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و پرسی کورد بەتایبەت، بەڕێز ئۆجالان لەو پەیامەدا ئاماژە بە بابەت دەکات، یەکەمیان لەوەیە کە شەڕ و تووندوتیژی نە دەوڵەتی تورکیا و نە گەلی کوردی گەیاندووە بە جێگەیەک، ئەگەرچی کورد لە بەرگری ڕەوادایە، بەڵام گرنگی پەیامەکە لەوەدایە کە جەخت لەوەدەکاتەوە کە شەڕ و توندوتیژی نە لە بەرژەوەندی کورد-دایە و نە لە بەرژەوەندیی نەیارەکانی کوردیشدایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕەتکردنەوەی پرسی دەوڵەت-نەتەوە و فاشیزمی تورکییە کە بووەتە سەرچاوەی کێشە و ململانێکانی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا پێداگریی دەوڵەتی تورک لەسەر مۆدێلێکی دیارییکراوی دەوڵەت و دەسەڵاتی تورکی، کە ئەمەش بەدرێژایی مێژوو بەرهەمهێنەری ئەو کێشانە بووە کە لە نێوان تورک و کورد و تورک و دەوڵەت-نەتەوەکانی دیکەشدا کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە.

 

- خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی پەیامەکەی ئۆجالان کامانە بوون؟

"پێگە سیاسییەکەی خۆی و ڕوونکردنەوەی تاواەکانی دەوڵەتی تورک"

هاوژین مەلا ئەمین: بابەتێک کە زۆر گرنگە لەو پەیامەی بەڕێز ئۆجالاندا، بریتییە لەو پێگە سیاسییە گرنگەی خۆی کە بارودۆخە بابەتییەکانیش هەمووی باسی لێوە دەکەن، ئەوەیە کە ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بێتە پێشەوە ئەو توانای ئەوەی هەیە کە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی کورد بەتایبەت لە ناوچەکەدا چارەسەربکات.

بابەتی دووەمیش کە بۆ من زۆر گرنگە، بریتییە لەو پێداگیرییەی کە هەموو تاوانەکانی ڕەشەکوژی و کووشتاری بەردەوامی نێوان کورد و دەوڵەتی تورک زەرەر و زیانە ئابووریی و سیاسییانەش لە ئەستۆی ئەو سیاسەتە خراپەیە کە دەوڵەتی تورکیا پەیڕەوی دەکات، بەتایبەتتریش لە ئەستۆی ئەو ئەزموونەیە کە ئاکەپە و ئەردۆغان ڕێبەرایەتیی دەکەن.

- ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت کە بە ڕێبازی شەڕ و ئاڵۆزیی کێشەکان قووڵتردەبنەوە و هەموولایەکیش زەرەرمەند دەبن، جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت کێشەکان بە دانووستان چارەسەربکرێن، لەدوای ئەم پەیامەوە ئەگەر دەوڵەتی تورک بەدەمەوەهاتنی نەبێت چی دەبێت؟

"دیدی دنیا بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست ڕوونتر دەکاتەوە"

هاوژین مەلا ئەمین: لەدوای ئەو پەیامەوە ئاستی ئاشتیخوازیی و دیپلۆماسییەتی کوردیی و ڕەوایەتیی دۆزی کورد و ئەو پێگە نێودەوڵەتییەی کە خەریکە بۆ دۆزی کورد دروست دەبێت، هەنگاوێکی دیکە دەیباتە پێشەوە، دووپاتکردنەوەی ئەو ئاشتییەیە کە کورد شەڕی ناوێت و ئەوەی شەڕ بەرهەمدەهێنێت و سەرچاوەی تووندوتیژییەکانی ناوچەکەیە بریتییە لە دەوڵەتی تورک و میلیشیاکانی، ئەم پەیامەی بەڕێز ئۆجالان دیدی دنیا بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست ڕوونتر دەکاتەوە.

 

- پێویستە کورد چۆن لەو بانگەوازییەی ئۆجالان بڕوانن کە دەڵێت وەرن پێکەوە کێشەی کورد چارەسەربکەین؟

"ئاشتی لە باکور واتا ئاشتی لە ڕۆژئاوا و لە باشور"

هاوژین مەلا ئەمین: ئەگەرچی تاوەکو ئێستا وەک پێویست لە ناوەندی سیاسیی کوردیدا پەیامەکەی ئۆجالان نەنرخێندراوە و بەدەمەوەهاتنێکی ئەوتۆی بۆ نەبووە، کە ئەمەش ڕوونە بەهۆی پاشکۆیەتیی لە واقعی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕاستییەکی گرنگ هەیە کە ئێمەش و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەتایبەت ڕۆژئاوا دەبێت بیزانن، کە ئاشتی لە باکور واتا ئاشتی لە ڕۆژئاوا و لە باشور، بەرەوپێشچوونی ئاشتی لە تورکیا و چارەسەربوونی پرسی کورد لە باکور بەشێوەیەکی ڕاستەقینە دەبێتە هۆی چارەسەربوونی پرسی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوریش، دەبێت سیاسییەکانی کوردیش ئەم حەقیقەتە لە ئاستی ڕاستەقینەی خۆیدا بیبینن، وە لەگەڵ دەستپێشخەرییەکانی بەڕێز ئۆجالانیشدا هەنگاوی زیاتر بنێن.

 

- کەواتە تاچەند ڕێبازی ئاشتیی بە یەکگرتوویی کورد-یشدا تێدەپەڕێت؟

"ڕێبازی ئاشتی بەبێ یەکگرتووی کورد ئامانجەکانی ناپێکێت"

هاوژین مەلا ئەمین: بێگومان ڕێبازی ئاشتی بەبێ یەکگرتووی کورد ڕەنگە ئامانجەکانی نەپێکێت و ئەو بەرەنجامانەی لێ نەکەوێتەوە کە گەلی کورد چاوەڕوانی دەکات، وە نەشبێتە هۆکاری ئەوەی کە تاڕادەیەک سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستببێت، چونکە دەوڵەتی تورک دەیەوێت کێشەی خۆی لەگەڵ گەلی کورد بکاتە کێشەی کورد و کورد، ئەوەش دەزانین کە بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی کە دوو هێزی دەسەڵاتداری باشوری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمیی و بەتایبەت دەوڵەتی تورک هەیانە، تاوەکو ئێستا نەتواندراوە یەکگرتوویی کورد پێکبهێندرێت.

 

- دەتوانین بڵێین لەدوای ئەم پەیامەی ئۆجالانەوە زەمینەی هاتنە لای یەکی لایەنە سیاسییەکان و پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد خۆشتر دەبێت؟

"ئێستا زەمینە لەهەرکاتێک گونجاوترە"

هاوژین مەلا ئەمین: بەبڕوای من ئێستا زەمینە لەهەرکاتێک گونجاوترە، کورد ئێستا لە هەرکات زیاتر بەشێوەیەکی گشتیی لە پێگەی خۆبەڕێوەبەریی و خاوەندارییدایە لەخۆی، ململانێ هەرێمایەتییەکان زۆر چڕبوونەتەوە، ناکۆکی و بەرژەوەندییەکان تاڕادەیەکی زۆر ئاشکرابوون، ئیرادەی نێودەوڵەتیش تاڕادەیەکی زۆر بە ئاراستەی بەدیهێنانی سەقامگیریدایە لە ناوچەکە و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد-دایە، هەموو ئەمانە دەرفەتێکی زۆر لەبارن لە ئێستادا ئەگەر سیاسییەکان بارودۆخە بابەتییەکان وەک خۆی ببینن، وە ئەو لایەن سیاسییانەی باشوری کوردستانیش کە پەیوەندییەکی نابەرابەریان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە هەیە، بتوانن وردە وردە لە باوەشی نەیارانی کوردەوە بگەڕێنەوە باوەشی کورد خۆی.

د.ع