دووشەممە, 2 أبر 2018 – 10:04
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لە کاتێکدا کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئەرکەکانیان بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی عەفرین جێبەجێ ناکەن، گەلانی باکوری سوریا بەردەوامن لە ناردنی هاوکاری بۆ خەڵکی عەفرین.
هەزاران هاوڵاتی عەفرین لە ناوچەی کەفەر نایای سەربە شەهبا دەمێننەوە، ئەو ناوچەیە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن شەڕڤانانەوە لە چنگی چەتەکانی سەربە تورکیا ڕزگارکرابوو، ئەنجومەنی ناوچەکە ئەو هاوکارییانەی بە سەر خەڵکی عەفریندا دابەشکرد، کە لەلایەن گەلانی باکوری سوریا نێردرابوون.
حسێن سلێمان، ئەندای کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەنجومەنی کەفەر نایا، دەڵێت: شەش هەزار و ٢٢١ هاوڵاتی عەفرین لێرە دەمێننەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ڕۆژانە ٢٥٠ بەش هاوکاری بە سەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت، هەروەها ڕۆژانە ١٥٠٠ بەستە نان بە سەر ئەو هاوڵاتیانەدا دابەشدەکرێت.
ڕاشیگەیاند، کە حەوت تۆن ئاو بە سەر ئەو ئاوارانەدا دابەشکراوە، لەلایەکی دیکەوە هەوڵ دەدرێت ئەو هاوکارییانەی گەلانی باکوری سوریا دەینێرن لە ناو هاوڵاتیاندا بڵاوبکرێتەوە.
هاوڵاتیانی عەفرینیش دەڵێن، کە ئەندامانی ئەنجومەنی کەفەر نایا بە هەموو هێزیانەوە هاوکاریمان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا هاوکارییەکان بەشمان ناکات.
خالد مەحفود، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کەفەر نایا دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئاوارەکان زۆرن، ئەو هاوکارییانەی دەنێردرێن بەشی هاوڵاتیان ناکات.
س.ح