پێچەوانەی بانگەشەکانی پەدەکە، هاوڵاتیانی گوندەکانی سنووری برادۆست و شارۆچکەی ڕەواندز، ڕایدەگەیەنن، ناوچەکەیان بێ خزمەتگوزارییە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە نایانەوێت ئاوەدانی بە ناوچەکانیان بگات، دەشڵێن: دەسەڵاتداران بوونی پەکەکە یان کردووەتە بیانوو، بەڵام لەڕاستیدا دەستێكی سیاسی هەیە نایەوێت ناوچەکە ئاوەدانبکرێتەوە.
بەرپرسانی پەدەکە و تەنانەت مەسعود بارزانی، ماوەیەکە تۆمەت و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەهۆی بوونی پەكەكەوە نەیانتوانیوە ناوچە سنوورییەكان ئاوەدان بكەنەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی ڕۆژنیوز، لە زاریی هاوڵاتیانی سنوورەکەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە حكومەتی هەرێمی کوردستان، بەئەنقسەت خزمەتگوزاریی بۆ ئەو ناوچانە دابین نەكردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکەن تاكو ئێستا كوێستانەكانی بێ ڕەش، ساوسێوەكان، بناری چیای كارۆخ و كوێستانەكانی دەڤەری برادۆست ڕێگاوبانی پێویستیان بۆ نەكراوە، لەسەنتەری شارەدێی سیدەكانیش لەدەڤەری برادۆست هاوڵاتیان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و بەدەیان گوندیش قوتابخانەیان نیە و جگە لە بنكەیەكی تەندروستی هیچ سەنتەرێكی دیکەی چارەسەر لەبرادۆست بوونی نیە.
هاوڵاتیانی ناوچەکە جەختدەکەنەوە پەكەكە نەك ڕێگرنەبووە بەڵكو هاوكاریش بووە بۆ ئاوەدانكردنەوەی گوند و ئاواییەكانی ناوچە سنوورییەكان.
لەو بارەیەوە زریان ڕەحمان، مامۆستا و خەڵكی گوندی گەرەوانی سەر بە شارۆچكەی ڕواندز، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد چەندین ساڵە داوا دەكەن ڕێگای كوێستانەكانی بێ ڕەش، بوزان، زینی گەرەوان، مێرگە ڕەشان و ساوسێوەكان قیرتاوبكرێت، كە ئەو ڕێگایە ڕانیە و ڕواندز بەیەك دەبەستێتەوە و دەبێتە سەنتەرێكی گرنگی گەشتیاریی و بازرگانی، بەڵام حكومەت بەدەم داواكەیانەوە نەهاتووە و پشتگوێی خستووە.

جەختیشیکردەوە کە پەكەكە نەك ڕێگرنییە لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بەڵكو هاوكاریشە و بەهۆی پەكەكەوە ناوچەكانمان پارێزراون بەتایبەت لەڕووی دزی كردن لەمەڕوماڵات و سوتانی پوش و پاوان و قەدەغەكردنی ڕاو و بڕینی داری تەڕ لەلایەن خەڵكەوە هاوکات بیانووی پەكەكەش بۆ خزمەت نەكردنی ئەو ناوچانە بەدەستێكی سیاسی دەبێنێت نەك هۆكارێكی ڕاستەقینە.
ئەو مامۆستایە دووپاتیشیکردەوە، شەڕی نێوان پەكەكە و پارتی شەڕی براكوژی نیە، بەڵكو شەڕی بەوەكالەتە و بۆ دەوڵەتی توركیا دەكرێت، بەفیتی دەوڵەتی توركیا بیانوو بە پەكەكە دەگیرێت و توركیا دەیەوێت شەڕی كورد بەكورد لەقازانجی خۆی هەڵگیرسێنێت.
هەر بە پێی بەدواداچوونەکەن لە سەنتەری شارەدێی سیدەكان چەند گەڕەكێك تاكو ئێستا قیرتاونەكراون كە لەوەزری زستاندا دەبن بە قوڕو لیتە و لەهاوینشیدا تۆزوخۆڵ، جگەلەوەش چەندین ساڵە بەردی بناغەی نەخۆشخانە دانراوە، بەڵام تەواو نەكراوە و تاكو ئێستا شارەدێیەکە پاركێكی نیە هاوڵاتیان بۆ كاتی پشوودان سەردانی بكەن.
ئەسكەندەر ڕەشید برادۆستی، هاوڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە نایەوێت برادۆست ئاوەدانی پێ بگات، بەڵگەش ئەوەیە هەرلە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە ژمارەیەك گوند چۆڵكراون، بەڵام بەهۆی دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و ئاوەدان نەكراونەتەوە و بەشێک لەو خەڵکانەشی گەڕابوونەوە گوندەکانیان بەو هۆیەوە بە ناچاریی دووبارە گوندەکانیان چۆڵکردەوە.

ئەسكەندەر وتیشی: پارتی دەسەڵاتداری ناوچەكە كە پەدەكەیە تەنها لەكاتی هەڵبژاردن دێنە ناوچەكە و بەڵێنی خزمەتگوزاریی بەخەڵك دەدەن، بەڵام باقی ڕۆژەكانی دیکە برادۆستیان بیردەچێتەوە و لەبەڵێنەكانی خۆیان پەشیمان دەبنەوە.
بەوتەی ئەسكەندەر، لەهەندێك شوێنی برادۆست بە هەشت نۆ گوند یەك قوتابخانەیان هەیە و قوتابخانەكەش ژوورێك یان دوو ژووری هەیە، ئەمە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە كە حكومەتی هەرێم پێشكەشی بە برادۆست كردووە.
ئەگەرچی بەرپرسانی ناوچەکە ئامادەنین زانیاریی و ئامار لە ڕووی کێشەخزمەتگوزارییەکان و نەبوونی قوتابخانە و بنکەی تەندروستی بخەنەڕوو، بەڵام بینینی دیمەنەکان و وتەی هاوڵاتییان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە حکومەتی هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێم خۆی کەمتەرخەمە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ناوچەکانی دەڤەری برادۆست و سۆران.
ک.س