هاوڵاتیانی بناری قەندیل ژیانیان لە مەترسیدایە و داوای هەڵوێست دەکەن

هاوڵاتیانی بناری قەندیل باس لە بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن و دەڵێن ژیانیان لە مەترسیدایە و منداڵەکانیان خەونیان نەماوە، هەروەها ڕەخنە لە بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێم دەگرن داواش دەکەن، کە خەڵک هەڵوێستی هەبێت، دەشڵێن: هەڵوێست نەبێت تورکیا تەواویی باشور داگیردەکات.


بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بەردەوامییان هەیە، لە ڕابردوودا دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەو بۆردوومانانە کۆمەڵکوژکراون، لە ئێستاشدا هاوڵاتیانی بناری قەندیل لە خاکی خۆیاندا ژیانیان لە مەترسیدایە، لەو چوارچێوەیەدا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و داوای هەڵوێست لە خەڵکی باشوری کوردستان دەکەن.

مێر محەمەد، خەڵکی گوندی دووگۆمانی سەر بە شارەدێی سەنگەسەرە، هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهاردا بە مەبەستی کاری ئاژەڵداری ڕوو لە بناری قەندیل دەکات، سەبارەت بە بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک دەڵێت: فڕۆکەی شەڕ و فڕۆکەی سیخور بەردەوام لەم سنوورە دەسوورێنەوە، ژیانمان تاڵ بووە، لە کاتی بۆردوومان منداڵەکانمان زۆر دەترسن، زۆر کات هەیە نزیک ڕەشماڵان بۆردوومان دەکات، ژیانمان لە مەترسیدایە، زۆر کات هەبووە ویستوومانە بچین بۆ گژوگیا بەهارییەکان، بەڵام بە هۆکاری مەترسی بۆردوومان نەمانتوانیوە بچین، داواکارین ئاشتی بەرپا بێت و بۆردوومان ڕاوەستێت.

ڕێناس زاگرۆس، دانیشتوویەکی گوندی زارگەلی-یە، ئاماژە بەوە دەکات، کە بەرخۆدانی لەیلا گۆڤەن و زیندانیان وایکردووە ئیرادەیان بەهێز بێت، دەشڵێت: دەبێت ئەو کەس و لایەنانەی بونەتە داردەستی ئەردۆغان بەخۆیاندا بچنە وە، تورکیا هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەکی خۆی دەبینێت، زیاتر لە ٦ هەزار کۆمپانیای دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان بونیان هەیە، یەکێک لە داهاتەکانی هەرە گەوەرەی تورکیا لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت، بە پارەی خۆمان تورکیا چەک دەکڕێت و بۆردوومانمان دەکات.

ڕێناس ڕەخنەی لە بیدەنگی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بۆردوومانەکاندا گرت و وتیشی:"دەبێت دەسەڵادارانی هەرێمی کوردستان بە خۆیاندا بچنەوە، تا کەی ئیزن بە دڕندایەتی و هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیای فاشیست دەدەن، دەبینین حکومەتی عێراقیش لە ئاستی بۆردوومانەکان بێدەنگە، لەو کاتەدا ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە یەکرێزی و یەکگرتنە".

ئەبوبەکر عەبدوڵا، لە بناری قەندیل کاری ئاژەڵداری دەکات، باس لە بۆردوومانەکان دەکات کە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە قوربانی و دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا جیاوازی ناکات، چ گەریلا بێی یا خود مەدەنی، ئێستا ژیانی ئێمە زۆر لە مەترسیدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر نزیک ڕەشماڵان بۆردوومان کرد، بە بێ ئەوەی گەریلایەک لەو شوێنە بوونی هەبێت، ئێستا ئەگەر ئێمە بە مەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانمان سەردانی بناری قەندیل نەکەین، لە گوند ناتوانین کاری ئاژەڵداری وەک بەخێوکردنی مەڕ بکەین، لە کاتی بۆردوومانیش ژن و منداڵ خەویان نییە تا بەیانی قیژەی منداڵان دێت.

ئەبوبەکەر نیگەرانە لە بیدەنگی حکومەتی هەرێم و داوای هەڵوێست لە خەڵک دەکات و دەڵێت: بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان نییە، لێرەدا دەبێت خەڵک هەڵوێستی هەبێت و ناڕەزایەتی دەرببڕن، دەبینین بێ هەڵوێستی وایکردووە تورکیا هێزێکی زۆری لە سنوری برادۆست جێگیرکردووە، ئەگەر هەڵوێست نەبێت، تورکیا تەواوی باشوری کوردستان دەخاتە بن دەسەڵاتی خۆیەوە.

س.ح