هاوڵاتیانی دەربەندیخان دژی داگیرکارین و داوای بایکۆتی كاڵای توركی دەکەن

هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەكانی دەربەندیخان دژی داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركن و داوا دەکەن هەموو کەسێک هەڵوێستی هەبێت و ئەوەندەی پێی دەكرێت كاڵای توركی نەكڕێت بۆ ئەوەی ئابوورییەكەی بڕوخێت، پێشیانوایە تورکیا دەیەوێت بەو داگیركارییانەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بكاتەوە، بەڵام بۆی ناچێتە سەر.


دەوڵەتی توركی داگیركەر لە نۆی ئەم مانگەوە هێرشەكانی بۆ سەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكردوە و کاردانەوەکانیش دژی ئەو داگیرکارییە بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا هاوڵاتیانی شارۆچكەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی قسەیان بۆ ڕۆژنیوز كرد.

عەلی حاجی عەبدوڵا، هاوڵاتیەكی دانیشتوی شارۆچكەکەیە و وتی: ئێمە تەنها نیگەرانین بۆ داگیركارییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، لەو كاتەوەی كوردستان دابەشبوە بۆ چوار پارچە هەموو پارچەیەكی هەوڵیداوە كیانێكی سەربەخۆی هەبێت، لەم چەند ساڵەی دوایشدا كوردستانی ڕۆژئاوا توانی شتێكی نمونەیی پێشكەش بكات.

وتیشی: لەدێر زەمانەوە کە كورد هەیە، توركەكان وڵاتیان لێداگیركردوین، ئەوانە بەئاشكرا دوژمنی كوردن دەڵێن لەهەر شوێنێك كیانێكی كوردی دروست بێت لەناویی دەبەین ڕێگە بەدروستبوونی نادەین، لەئێستاشدا دەوڵەتی تورك دەیەوێت كوردەكان لەزێدیی خۆیان دەربكات عەرەبی سوننە لەشوێنەكانیان دابنێت، ئامانجی ئەوەشی هەیە كوردستانی باشور بەو دەردەی باكور ببات، داوا لەهاوڵاتیانی هەر چوار پارچەی كوردستانیش دەکات هەر كەسەو بەتوانای خۆیی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن شتی توركی نەكڕن و ئابورییەكەی بڕوخێنن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی ئەردۆغان ئێستا دەیكات، دەیەوێت ئێمپراتۆری عوسمانی لەناوچەكەدا زیندو بكاتەوە، بەڵام هەرگیز بۆی ناچێتە سەر دڵنیابن.

لای خۆشیەوە دكتۆر حەكیم عەبدولكەریم، ئەندامی كۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان و دانیشتووی شارۆچكەی دەربەندیخان بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورك دەیكات بۆ سەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان درێژەی ئەو پاوان خوازییە، كە ویستی داگیركاری ناوچەكەی هەیە، ئەو خەونەی ئەردۆغان هەیەتی بریتیە لەخەونی زیندوكردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

وتیشی: ئەوەی لەڕۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێت، شەڕ نیە لەنێوان دوو دەوڵەت، بەڵكو شەڕە لەنێوان دوو پرۆژە، هەروەها پرۆژەی خۆسەریی دیموكراسی پێكەوە ژیانی گەلان، كە هەنگاونانە بۆ  فیدراڵیزمی دیموكراتی، پێمان دەڵێت، تەنها پرۆژەیەكە خواستی هەموو گەلانی ناوچەكەی لەسەرە، وەك چارەسەری دیموكراتیانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەرامبەر ئەوەشدا پرۆژەی ئەردۆغان هەیە، كەپرۆژەیەكی شەڕەنگێزیی و قەیراناوییە، ئێستا خەونی سەرەكی ئەو هێزە تاریك پەرستە كە ئەردۆغان سەركردایەتی دەكات، لەناوبردنی ئەو ئەزمونە تازەیەی ڕۆژئاوای كوردستانە.

ئاماژەی بەوەشكرد، کە پێویستە تەواوی گەلی كورد ئەوە بزانن، تاكە چارەسەرێك لەبەردەماندا هەیە پارێزگاریكردنە لەو خۆسەریەی كە لەڕۆژئاوی كوردستان هەیە ئەوەشی خستەڕوو کە پەیامیان بۆ حیزبەکانی باشوری كوردستان، ئەوەیە کە وابەستەبوون بە دەوڵەتانی داگیركەرەوە شتێكمان ناداتێ‌ تەنها داگیركارێكی دیكە نەبێت.

ک.س