ڕۆژنیوز-دەربەندیخان
چالاكوانانی دەربەندیخان مۆڵەتی هەفتەیەك دەدەنە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەسنورەكەیاندا، لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانیاندا خۆپیشاندان دەستپێدەكەن.
بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك لەچالاكوانانی دەربەندیخان، لەناو پاركی گشتی شارۆچکەکە گردبونەوە، لەبەرامبەر كەمی خزمەتگوزاری بۆ شارەكەیان چەندین داواكارییەكانیان ئاراستەی حكومەت و لایەنی پەیوەندیداركرد.
حەكیم عەبدولكەریم، چالاكوان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر گردبونەوەكەیان وتی: دەربەندیخان گەلێك كێشەی درێژخایەنی هەیە، تائێستا چەندین جار خەڵك لەسەر شەقام داواكارییەكانیان ئاراستەیی دەسەڵاتدارانى هەرێمی كوردستان كردوە، جێبەجێنەكراون.
ئەو چالاكوانە داواكارییەكانی خەڵكی شارۆچکەکەى لەچەند خاڵێكدا خستەڕوو، كە پێكهاتبوون لە تەواوكردنی پاڵاوگەیی ئاوی دەربەندیخان، كە ماوەیی چەندین ساڵە تەواونەكراوە و بوە بەكێشەیەكی سەرەكی هاوڵاتیان.
چارەسەركردنی كێشەكانی ڕێگاوبان و چارەسەركردنی كێشەی كەمی كارەبای نیشتیمانی لە شارۆچکەکەدا هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دانانی پێوەری زیرەكی كارە، بەشێكی تربوو لە داواكارییەكان.
وەك لە بەیاننامەكەدا خستیانەڕوو، بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان تا سەرەتای مانگی شوبات مۆڵەت دەدەنە دەسەڵات و وەك خۆیان دەڵێن: بێدەنگیمان كاتی نەماوە، داوا لەخەڵكی دەربەندیخان دەكەین بەشداریی لەو خۆپیشاندانە بكەن بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.
س.س