هاوڵاتیانی سلێمانیی نیگەرانن لە پێکنەهاتنی حکومەتی هەرێم

هاوڵاتیانی سلێمانی نیگەرانن لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بەشێکیان پێیانوایە، ئەگەر حزبەکان بەژرەوەندیی خەڵکیان لەبەرچاو بگرتایە پێکهێنانی حکومەتیان ئەوەندە دوانەدەخست، بەشێکی دیکەشیان بێ ئومێدن لە کابینەی نوێ و دەڵێن: پێکهاتن و نەهاتنی حکومەت کاریگەریی لەسەر گوزەرانی خەڵک نییە.


٢١٣ ڕۆژی تەواوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، سەرباری زنجیرەیەک دانووستان و کۆبوونەوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان ڕێکنەکەتوون لەسەر دابەشکردنی کێکی حکومەت و کابینەی نۆیەم-یان پێکنەهێناوە، ڕۆژنیوزیش بۆچوونی هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لەسەر دواکەوتنی پێکهاتنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بڵاودەکاتەوە.

بەکر عومەر، هاوڵاتییەکە و پێیوایە، کە ئەم حزبانە ئاگایان لە دۆخی خەڵک نییە و دەڵێت: ئەگەر ئاگایان لە دۆخی خەڵک هەبووایە زوو پێکدەهاتن و بەرژەوەندیی شەخسیی و حزبیی خۆیان نەدەخستە پێش بەرژەوەندیی خەڵکەوە، تەنانەت هەڵبژاردنیش ڕۆڵی نەماوە تا خەڵک ڕووبەڕوویان ببێتەوە، دەبێت بیرێک لە گوزارانی خەڵک بکەنەوە.

ئەو پێیەوانییە پێکنەهاتنی حکومەت کاریگەریی لەسەر دۆخی هاوڵاتیان هەبێت و دەڵێت: پێشتریش حکومەت هەبووە و هیچ شتێکی لە بەرژەوەندی خەڵک نەکردووە، بگرە بووە بە مخۆرکە بۆ گیانی خەڵک، حکومەت پێکبێت یان نا پێموایە کاریگەریی نییە، چونکە ٢٧ ساڵە نەیانتوانیوە ئەم حکومڕانییە بەجوانیی بەڕێوەببەن و وەک پێویست کاریان بۆ خەڵک نەکردووە.

ئەحمەد مەحمود-یش هاوڵاتییەکی دیکەیە، ئەویش دەزانێت کە ڕێکنەکەوتنی حزبەکان ڕێگرە لە پێکنەهاتنی حکومەت و پێیوایە: حزبەکان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان تا ئێستا حکومەتیان پێکنەهێناوە، پێکنەهێنانی حکومەتیش بووە بە کێشە بۆ هاوڵاتیان، چونکە ئەم حکومەتەی ئێستا کاربەڕێکەرە و هیچ شتێکی بۆ خەڵک پێناکرێت.

ئەو هاوڵاتییە بەڵێنەکانی حزبەکانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بیرنەچووە کە پێیان داوە، وەک دەڵێت: حزبەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا چەندین بەڵێن بە هاوڵاتیان دەدەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە لەسەدا ١٥ی بەڵێنەکانیشیان جێبەجێ بکەن، ئەگەر تەنانەت نیوەی بەڵێنەکانیشیان جێبەجێ بکردایە کێشەمان نەدەما.

ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا دەشڵێت: حزب خۆی میکانیزمە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و ئامانج خزمەتکردنە، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە خەڵک بووە بە میکانیزم و بەرنامەی حزبەکان بووە بە ئامانج.

سەربەست نامیق، گەنجێکە و دەڵێت کە "ئەم حزبانە هیچ کارێکیان لە بەرژەوەندیی خەڵک نییە، هەموو کار بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەکات، کەس باوەڕی بە ئۆپۆزسیۆنیش نەماوە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش نەیانتوانیوە ڕۆڵێکی باش بگێڕن، گەنجی ئەم وڵاتە هەمووی بێ ئومێدە، خودی خۆم لە هەموو حزبەکان بێ ئومێدم".

سەربەست بێ کرداریی حزبەکان بە هۆکاری کۆچی گەنجان دادەنێت و دەڵێت: ئەگەر بەڵێنی حزبەکان کرداری تێدابووایە گەنجی ئەم وڵاتە سەری خۆی هەڵنەدەگرت و ڕووی لە دەرەوە نەدەکرد، وای لێهاتووە کەس دڵی خۆش نییە، هەموو خەڵک نیگەرانە لەم دۆخە، هەمووشی بەهۆی ئەم حزبانەوەیە.

ئەو گەنجە ڕەخنەش لە بێدەنگیی خەڵک دەگرێت و دەڵێت: ئەو خەڵکە نەماوە کە ڕووبەڕووی ئەم حزبانە بووەستێتەوە پێیان بڵێت بووەستن، کەس ئامادەنییە خۆی بکاتە قوربانیی، ئەوە جاران بوو کەسێک خۆی دەکردە قوربانیی بۆ شکاندنی بێدەنگیی، چونکە هەمووی لەبیری خەڵک دەچێتەوە، شەهیدەکانی ١٧ی شوبات کە ساڵانە یادیان دەکرێتەوە، تەنها یەک ڕۆژ لە بیری خەڵکدان، ڕۆژی دووەم بیردەچنەوە، خەڵک بەتەواویی ئینتیمای نەماوە.

کەریم محەمەد-یش کە هاوڵاتییەکی دیکەیە، داواکارە کە حزبەکان پێکبێن و ڕێکبکەون، و دەڵێت: ئەگەر ڕێکبکەون ئەم خەڵکەش تۆزێک پشوو بدات و بکەوێتە خۆشگوزەرانییەوە، هەتا ئەم حزبانە ناکۆکبن خەڵکیش لە ناخۆشییدا دەبێت، چونکە ئەوانیش بەشێکن لە ئێمە.

س.ح