هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ بەرنگاربوونەوەی داگیرکەر داوای یەکگرتن دەکەن

هاوڵاتیانی سلێمانی، هێرش بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان وەک هێرش بۆسەر باشور دەبینن و یەکگرتنی گەل و لایەنە سیاسییەکانی هەرچوارپارچەش بە تاکە ڕێگا دەبینن بۆ تێکبردنی مەرامەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر.


دوای ئەوەی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم ئەمریکا بڕیاریدا بە کشاندنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دوێنێ سوپای تورکی داگیرکەر هێرشیان بۆ داگیرکردنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد، ئەمەش کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەو چوارچێوەیەشدا هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

فازیل ئەمین، یەکێک لەو هاوڵاتییانەیە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دووژمانیەتیی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد ڕەگێکی لەمێژینەی هەیە و دەڵێت: ئێستاش دەوڵەتی تورک بەهەمان ئەقڵی سەردەمی عوسمانی بیردەکاتەوە، دەشیەوێت بۆ هەمان خاک و دەسەڵاتی جاران بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە لەلایەن کۆمەڵێک کەسی ناوخۆوە هاوکاریی دەکرێن بۆ کۆمەڵێک مەرامی کەسیی.

ئەو هاوڵاتییە، تاکە چارەسەر لە یەکگرتنی گەل و حزبەکانی چوار پارچەی کوردستان-دا دەبینێتەوە.

هەرلەو بارەیەوە، محەمەد قادر هاوڵاتییەکی تری شاری سلێمانی وتی: هەر هێرشێک بۆسەر ڕۆژئاوا هێرشە بۆسەر باشوریش، دەبێت ئەوە بزانین کەدوای ڕۆژئاوا سەرەی باشورە.

محەمەد قادر، ڕەخنەی توندی لە سیاسەتیی ئەمریکا گرت، بە شەرمەزارییەکی گەورە بۆ ئەو دەوڵەتە ناوی برد، کە پشتی لە گەلی کورد کرد، پێشیوایە، ئەم پەلامارانەی دەوڵەتی تورک پەلەقاژەی مەرگی ئەو دەوڵەتەیە.

داواشیکرد، کە ڕەوەندی کوردیی شەقامەکانی ئەوروپا بهەژێنن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بهێننە سەر خەت، تاکو ئیدی بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە کورد دەکرێت.

هاوڵاتییەکی تر باناوی ئەحمەد هەڵەبجەیی، باس لەوە دەکات، کە بەدرێژایی مێژوو کوردستان لەلایەن زلهێزەکانەوە فرۆشراوە و وڵاتانی دراوسێ کڕیار بوون، هۆکارەکەشی شۆڕشگێڕیی گەلی کورد و جوگرافیا تایبەتەکەیەتی.

پێشیوایە، ناکۆکی ناوخۆییش هۆکارێکە بۆ بەدیهاتنی مەرامی دەوڵەتانی داگیرکەر و داوای یەکخستنی ناوماڵی کوردی کرد.

ش.ف