هاوڵاتیانی سلێمانی: تەنها یەکگرتوویی گەل دەتوانێت پیلانەکان هەڵبوەشێنێتەوە

هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، باس لە پیلانە لە مێژینە و بەردەوامەکانی دەوڵەتان دەکەن لە دژی گەلی کورد و زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالانیش دەگەڕێننەوە بۆ ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییانەی کە تا ئێستا بەردەوامە، ئاماژە بەوە شدەکەن، کە تەنیا یەکگرتوویی گەل دەتوانێت پیلانەکان هەڵبوەشێنێتەوە.


گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە ٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨، بە پیلانگێری نێودەوڵەتی دەوڵەتە زلهێزەکان لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، دەستیپێکرد و دواتر لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩دەستگیر کرا، کە لە ئەنجامدا نزیکەی ٢٠ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی تاکەکەسی ئیمراڵیدایە، هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی لەبارەی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

وەهاب ڕەسوڵ، پێشمەرگەی دێرینی کوردستان، دەڵێت: ئێمە سێ سەرکردەمان هەبوو کە دوانیان لە ژیاندا نەماوە و ئەوەی کە ماوە لە زیندانە و بەڕێز ئاپۆیە کە ئەگەر بچووکترین وتەش بڵێت کوردی پێدەجوڵێت و ئەویش سەرکردەیەکی مەزنی گەلی کوردە و ئەوەی دەیبینین لە ڕۆژئاوای کوردستان هەمووی پەیامەکانی ئۆجالانە کە جێبەجێ دەکرێت، بۆیە خۆیان نادەنە دەست قەدەر و خیانەت و ئاوا بە گەورەیی ماونەتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی وت: ڕێبەر ئاپۆ لەبەرئەوەی کە خەریک بوو شەقامی بە تەواوی دەوروژاند، بۆیە لە نەیروبی دەستبەسەریان کرد کە دەستی ئەمریکا و ئیسراییل و زۆربەی وڵاتانی دیکەی تێدا بوو و بودجەیەکی گەورەیان خەرج کرد تا دەستگیریان کرد.

ئەو پێشمەرگە دێرینە لە کۆتاییشدا وتی: ئەم سەرکردانەی ئێمە دەبێت واز لە خیانەتەکانیان بێنن و دوای ئەم هەموو بازرگانییە نەکەون کە دەست بۆ خوێنی ڕۆڵەکانیان دەبەن و دەبێت بە کۆنگرەی نەتەوەیی کە شۆڕشێکی نەتەوەییە هەموویان کۆبکاتەوە و باشترین چارەسەریشە بۆ کێشەکانمان.

محەمەد مەحمود، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییەو بە نیگەرانییەوە لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە دەستی خیانەت هەمیشە هۆکاری شکست بووە و دەڵێت: کورد هیچ کاتێک دۆستی نەبووە و زۆرینەمان هەمیشە خۆخۆر بووین، کە هەر لە ڕابردوەوە هەندێکمان لەگەڵ سەفەوییەکان و هەندێکمان لەگەڵ عوسمانییەکاندا بووین و لە میرنشینەکانەوە تا ئێستا هەر بەوشێوەیە هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا سەرکردەکانمان ئەوانەی کە شۆڕشگێڕن و کاری باش دەکەن هەمیشە بە پیلانی نێودەوڵەتی و ئەو چوار وڵاتەی کە کوردستانیان داگیر کردووە، خراونەتە سووچی زیندانەکانەوە و هاوسۆزییەکیش لە نێوان پارچەکانی دیکە و بە تایبەت سەرکردەکان نەبووە تەنانەت ئەگەر هاوسۆزییەک بۆ ئاپۆش هەبێت بە ڕووکەش بووە.

ئەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەگەر یەکگرتوویەک لە نێوان خەڵک و سەرکردە سیاسییەکاندا هەبووایە ئەوا ئەم ڕووداوانە نەدەهاتە ئاراوە، لە کۆتاییشدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە گرنگترین شت ئەوەیە کە یەکگرتوو بین و وتی: لایەنەکان پێویستە لە سەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە و بەوشێوەیە دەتوانین هەموو پیلانەکان هەڵبوەشێنینەوە.

ک.س