هاوڵاتیانی سلێمانی داوای بایکۆت دەکەن و دڵخۆشن لە باشورەوە گەنجان دەچنە ڕۆژئاوا

هاوڵاتیانی سلێمانی وێڕای ئیدانەکردنیی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و داواکردنی بایکۆت، هێرشەکان بە هێرشی هەموو کوردستان دەزانن، هەروەها داوای یەکڕیزی کورد دەکەن و دڵخۆشیشن بەوەی گەنجانی باشوری کوردستان دەچنە ڕۆژئاواو لەگەڵ شەڕڤاناندا بەرخۆدان دەکەن.


ئەمڕۆ ١٤ ڕۆژە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بەردوامە، باشوری کوردستان لە سەرەتای هێرشەکەوە تا ئێستا بە دەیان چالاکی جۆراوجۆر هاوخەبات و هاوخەمی ڕۆژئاوا بووە، لەم چوارچێوەیەدا هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

عەلی محەمەد، پیاوێکی بەتەمەنە و سەرقاڵی خوێندنەوەی ڕۆژنامەبوو، لەسەر داگیرکارییەکان وەها دەدوێت:"ئێمەی کورد دەبێت بایکۆتی هەموو کاڵا و زنجیرە دراماکان بکەین و ئەوە قبوڵ نەکەین، چونکە شتێکی باش نییە و لە گەڵ کۆمەڵگاکان ناگونجێت، چونکە تورکیا دەیەوێت بە قسەی بێ مانا بمانخەڵەتێنێت، ئەگینا سودی چییان بۆ کورد هەبووە لە دوژمنایەتی زیاتر، ئەوەی تورکیاش دەیکات کافر بە کافری خۆی شتی وا ناکات".

مام عەلی وتیشی: ئێستا ئێمەی کورد لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکگرتنە، ئەگینا دەفەوتێین و ئەوان ئەگەر سەرکردەی ڕاستین پێویستە لەگەڵ گەلدا بن نەک پلە و پۆست، دوژمن دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ئێمە بکڕێت، "ئەو کچ و کوڕانەش کە لە بەرەی شەڕدان بەڕاستی کوردایەتی دەکەن و گیانی خۆیان خستووەتە ئاگرەوە لە پێناو کورددا".

هەروەها سەردار نووری، دەڵێت: ئەو هێرشەی کە دەکرێتە سەر ڕۆژئاوا بەیانیش دەکرێتە سەر ئێمە، پێویستە لە بەرامبەر ئەوانەدا یەکگرتوو بین و بایکۆتی هەموو بابەتێکی تورکی بکەین، چونکە هەموو ئەوانەی کە ئێمە دەیکڕین ئەوان بە پارەکەی فیشەک بە سەر براو خوشکەکانمان دەبارێنن.

نەجمەدین عەبدوڵا هاوڵاتییەکی دیکەیە و خۆشحاڵە گەنجانی باشوری کوردستان پەیوەندی بە ریزی شەرڤانانەوە دەکەن و هەنگاو دەنێن بۆ پاراستنی ئەو بەشەی کوردستان، وتیشی: ئێمە دوژمنمان زۆرە، ئەم هێرشە بۆ ڕۆژئاوا نییە و بۆ هەموو کوردستانە، ئەمەی ڕۆژئاواش سەلماندی کە کورد یەکڕیزە و دەبێت هەمیشەش یەکڕیزبێت.

 ئەنوەر محەمەد کە لە بازاڕی شاری سلێمانی کاری گۆرەوی فرۆشی دەکات، باسی لەوە کرد، کە "ئێمەی کورد هیچ کات چۆک لە بەرامبەر دەوڵەتان دانادەین و مەیدان بۆ هیچ لایەنێک چۆڵ ناکەین، چونکە بە هەزاران شەهید و بریندارمان لەو پێناوەدا داوە".

س.ح