دووشەممە, 8 يون 2020 – 07:07 ڕۆژنیوز – دهۆک
https://youtu.be/aL7AfAwseY4?t=1″>
داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان بەردەوامیی هەیە، کە بادینان پشکی شێری بەرکەوتووە لەو داگیرکارییەدا، لەمبارەیەوە هاوڵاتیانی شارۆچکەی شیلادزێ’ی سەربە پارێزگای دهۆک، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و پەیامی خۆیان دەگەیەننە هەموو لایەک.
جەلال بەهادین ناسراو بە جەلال شیلادزێ، هاوڵاتییەکی ئامێدی’ـیە و دەڵێت: بەداخەوە کە ڕۆژبەڕۆژ تۆپبارانکردنی تورکیا لەسەر ناوچەکانی ئێمە بەردەوامە و حکومەتی هەرێم و بەغداش بێهەڵوێستن، ئێمە ئەم بێ هەڵوێستییە بە هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دادەنێین، ئەو فشارەی کە لەسەر کوردانی باکوری کوردستان هەیە لەسەر ئێمەش هەیە، ئێمەش دەچینە گوندەکانی خۆمان لە کاتێکا گوندەکانمان تۆپباران دەکەن.
ئەم هاوڵاتییە پێیوایە، تا هاوڵاتیان هەوڵوێستیان دژی داگیرکاریی نەبێت، ئەوە قوربانییەکانی ئەنجامی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامیی’یان دەبێت.
جەلال دەشڵێت: قوربانییەکان خەڵک مەدەنی و سڤیلە، بۆ کار و کەسابەتی خۆیان دەچنە گوندەکانیان، ناوچەکەمان وەک زیندانێکی لێهاتووە، زیندانێکی کراوە، کە خەڵک ناتوانن لە شوێنەکانی خۆیان بێنە دەرەوە، یان بچنە دەڤەرێکی دیکە، بەتایبەت لە ناوچەکانی شیلادزێ و دێرەلوک، ڕێگاکانی دۆسکی، ئەو ناوچانە لە هەموو شتێک بێبەشن، نەهیچ ئاوەدانییەک نە هیچ نە هیچ شتێک هەیە، جێگەیەکە کە دوورە لە هەموو شتێک، حکومەتی تورکیا دەسەڵاتی لەوێ هەیە و ئەو ناوچانە بەڕێوەدەبات.
جەلال شیلادزێ دەڵێت، بەداخە بۆ ئەوەی، تا ئێستاش لە دەڤەرەکەیان چەندین کەس لە زینداندانەکانیدایە بە تۆمەتی ئەوەی هاوکاریی لایەنێکی کوردیی کردووە، “ئەمەش ئەقڵیەت و ئەجێندای دەوڵەتی تورکە لێرە جێبەجێ دەکرێت، کە ئێستا مەترسیی لەسەر داگیرکردنی تەواوی باشوری کوردستان لەلایەن تورکیاوە هەیە”.
سامان سەعید’ڕێکانی هاوڵاتییەکی دیکەی دەڤەرەکەیە و باس لەوە دەکات، کە دەوڵەتی تورک بێ گوێدانە هیچ شتێک لە ئاسمانەوە بە شێوازیکی هەڕەمەکی هێرش دەکاتە سەر ناوچەکەیان، وتیشی: ئەمە ماوەی پێنج ساڵە زیاتر لە ٢٣ هاوڵاتی و خەڵکی سڤیل لە ناوچەی بادینان شەهیدبوون، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە کە بێهەڵوێستیەکی زۆر بەرامبەر ئەو وەحشیگەرانییەی دەوڵەتی تورک لەلایەن بەرپرسەکانی باشوری کوردستان و عێراقەوە هەیە.
سامان داوا دەکات، حکومەتی عێراق و هەرێم سنوورێک بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دابنێن، دەشڵێت:”دەوڵاتی تورک تەنها لەلایەنی سەربازییەوە هەوڵی داگیرکردنی کورستان نادات، بەڵکو لە سەرجەم لایەکانی ئابوریی، کۆمەڵایەتی، کلتوری، و پەروەردەیی و ڕۆشنبیری داگیرکاریی دەکات و دەبێت سنوورێکیان بۆ دابنرێت”.
س.ح