هاوڵاتیانی هەولێر لە کەرکوک و موسڵ غاز دەکڕن

قەیرانی غاز لە هەرێمی کوردستان بەردوامیی هەیە و هاوڵاتیانی هەولێر ناچار دەبن بە بڕە پارەیەکی زیاتر غاز لە کەرکوک و موسڵ بکڕن، پارێزگاریش دەڵێت: شەوانە تەقە لە تانكەرەكانی هێنانی غاز دەكرێت و کێشەکە پەیوەندیی بە حکومەتەوە هەیە.


ماوەی ١٥ ڕۆژە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر و دهۆک، قەیرانی غاز سەریهەڵداوە، ئەمەش دوای ئەوەی کێشە لەنێوان هەردوو کۆمپانیای گۆڵدن جاگوار و سورغاز-دا دروستبوو، بەهۆی ئەوەی گرێبەستی نێوان کۆمانیای گۆڵدن جاگوار و دانەغاز کۆتایی هات و دانەغاز گرێبەستی نوێی لەگەڵ کۆمپانیان سورغاز-دا ئەنجامدا.

هاوڵاتیانی شاری هەولێر بە زەحمەتییەکی زۆر دەتوانن بوتڵە بەتاڵەکانیان لە غاز پڕ بکەن و بریکارەکانی دابەشکردنی غاز بە چوار ڕۆژ یان پێنج ڕۆژ جارێک سەردانی گەڕەکەکان دەکەن، لەوکاتانەشدا بڕی پێویست غازیان پێنییە و ئەو کەسانەی بەریان ناکەوێت ناچارن چاوەڕێ بکەن، تاکو لە هەفتەی داهاتوو غازیان پێبگات، یانیش لە بازاڕی ڕەش بە نرخێکی گرانتر بیکڕن، ئەگەر دەستیان کەوێت، هەندێک کەسیش بە ناچاریی دەچنە شاری کەرکوک و شارەدێی ئاڵتون کۆپری، یاخود لەڕێگای ئەو شۆفێرانەی هاتووچۆی موسڵ دەکەن، غازیان دەستدەکەوێت، کە ئەمەش تێچوویەکی زۆری هەیە.

عەزیز تەحسین، شۆفێری تەکسییە و بەرەو بازاڕ بەڕێکەتووە، تاکو بوتڵێک غازی دەستبکەوێت، وەک خۆی دەڵێت ئەگەر دەستی بکەوێت، دەبێت ٢٠ هەزار دیناری پێبدات، بەڵام ناچارە چونکە سێ بوتڵی بەتاڵیان هەیە و ئەو بوتڵەشی کە کاری پێدەکەن، خەریکە تەواو دەبێت، ئەو پارەی پێنج داخلیی دەدات بە بوتڵێک غاز، تاکو بتوانن خواردنی پێ دروست بکەن.

 عەزیز، حکومەتی هەرێم بە بەرپرسیار لە دروستبوونی قەیرانی غاز دەزانێت و پێیوایە، دەبێت خۆی سەرپەرشتیی کارگەکانی غاز بکات، نەک بیدات بە کۆمپانیا.

كوردۆ ساڵح، هاوڵاتییەکی دیکەی هەولێرە و بەهەڵەی دەزانێت، کەئەگەر بووترێت هەولێر کێشەی غازی بۆ دروستبووە، بەڵکو وەکو ئەو باسی کرد، کێشە زیاد بووە، نەک دورستبوون و ڕوونیکردەوە"سێ ساڵە خەڵک چاوەڕێی هاتنی نەوتە، کێشەی بەنزین هەیە، کێشەی ئاو و کارەبا هەیە، بەڵام کەس باسیان ناکات، ئەوە سیناریۆی غازیشی هاتەسەر".

لە وەڵامی ئەوەی، کە بۆچی بە سیناریۆ ناوی دەبات، ئەو هاوڵاتییە وتی:"ئەو دوو کۆمپانیا هی دوو بنەماڵەن، هەر خۆیان دەزانن لەسەر چی شەڕ دەکەن، سەریان لە خەڵک شێواندووە، ڕۆژانە پێنج کاتژمێر لە سەرەی غازدا دەوەستین، جاری واش هەیە دەستناکەوێت، ئەمە سیناریۆی خۆیانە و بەڕێوەبردنی مافیایانەیە".
لای خۆشیەوە، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ڕۆژنیوزدا دەربارەی قەیرانی غاز، ڕایگەیاند:"ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوەیە وەكو پارێزگاری هەولێر لەبارەی كێشەی غاوە، دابەشكردنی غازە لە گەڕەك و كۆڵانەكان،  ئەو بڕە غازەی بۆمان هاتووە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك دابەشمان كردووە،  تەنانەت بۆ ئەوەی هیچ غازێك بەهەدر نەچێت و خراپ بە كار نەهێندرێت لەگەڵ هەر  ئۆتۆمبێلێکی فرۆشتنی غاز، پۆلیسێكمان داناوە".

فرسەت سۆفی، وتیشی:"نەمانی قەیرانی غاز لە توانای ئێمەدانییە،  بەداخەوە بە هۆی ئەوەی ئێستا شەوانە تەقە لە تانكەرەكانی هێنانی غاز دەكرێت، بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانە كێشەی تەكنیكییان بۆ دروستبووە،  ئەمەش پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە".

ش.ف