سێشەممە, 18 سبت 2018 – 09:03 ڕۆژنیوز- بڕیار محەمەد
بڕیار وایە ڕۆژى ٣٠ى ئەم مانگە، هەڵبژاردن بۆ خولى پێنجەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ بەدەستهێنانى ١١١ کورسى پەرلەمان، ٧٧٣ کاندید ڕکابەرى دەکەن، هەریەک لەو کاندیدانەش چەندین بەڵێن بە هاوڵاتیان دەدەن بۆ ئەوەى دەنگیان پێبدەن.
موحسین ئەحمەد، کە هاوڵاتییەكی شارى هەولێر-ە لەبارەى باوەڕى بە بەڵێنى کاندیدەکانەوە بە ڕۆژنیوزى وت:” ئێمە باوەڕمان بە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە ئەوانەی لە نێو پەرلەمانن دەتوانن داواكاریەكانمان جێبەجێ بكەن یاخونا”.
دەشڵێت:”هیوادارین کاندیدەکان قسەكانیان تەنها بۆبانگەشە نەبێت، بەڵكو بە كردار ئەو قسانەی دەیكەن جێبەجێی بكەن، بتوانن كارێك بكەن، کە دەرفەتى ژیانێكی باش و ئارام بۆهاوڵاتیان بڕەخسێت”.
ئەو هاوڵاتییەى شارى هەولێر، زۆر هیواى بە بەڵێنى کاندیدەکان نەبوو، پێشى وابوو ئەندامانى خولى چوارەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، نەیانتوانییوە کارێک بکەن جێگەى دەستخۆشیبێت لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
فەرمان حەمەد، هاوڵاتیەكی دیکەى شاری هەولێر بوو، لەسەر هەمان بابەت بە ڕۆژنیوزى وت:” ئاواتە خوازم ئەندامانی داهاتووى پەرلەمان بتوانن، ئەو بەڵێنانەی بە هاوڵاتیانى دەدەن جێبەجێیبكەن، کار بکەن بۆ ئەوەی ژیانى خەڵک باشتربێت”.
ناوبراو پێى وابوو، کە ئەندامانى خولى چوارەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، تا ئاستێك توانیویان بەشێك لە داواكاریەكانیان جێبەجێ بكەن، هیواشى خواست ئەندامانى خولى نوێ بتوانن کارێک بکەن، کە هاوڵاتیان لە قەیران ڕزگار بکەن.
https://youtu.be/mgqVEVJ4CXk?=
د.ع