هاوڵاتیانی گەرمیان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانەوە دەناڵێنن

هاوڵاتیانی گەرمیان، هێشتا کێشەی کەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان هەیە و دەڵێن، گەل باجی ململانێی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات و قیران بە قەیران دەسپێرن.


زیاتر لە حەوت مانگە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکهێنراوە و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حکومەتیش، لە کابینەی نوێدا زۆربەی پرۆژە خزمەتگوزاریییەکانی وەک چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان بەگەڕخراونەتەوە و بەرەوپێشچوون، بەڵام هێشتا هاوڵاتییانی گەرمیان کێشەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک، کارەبا، غاز، نەوت، ئاو و ڕێگاوبانیان هەیە، جگە لەوەی حکومەت بەردەوام بە ڕێگای جۆراو جۆر باج لەسەر هاوڵاتییان زیاد دەکات.

یەکێک لەو پرۆژانەی لە سنوورەکەدا پەکی کەوتووە، بە دووسایدکردنی ڕێگای نێوان کەلارـ سلێمانییە، کە لە کۆتایی ئایاری ٢٠١٣وە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و تا ئێستا تەنها بەشی یەکەمی تەواوکراوە، هەروەها پرۆژەی نەخۆشخانەی ۱۰۰ قەرەوێڵەیی لە شارۆچکەی کەلار کە لە ساڵی ۲۰۱۳وە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ماوەی ٨۳ ڕۆژی بۆ دیاریکرابوو بۆ تەواوکردنی، بەڵام نزیکەی چوار ساڵ و نیو بەسەر ماوەکەیدا تێپەڕیوە و پرۆژەکە کەمتر لە نیوەی تەواوکراوە.

سەربەست جەلال دانیشتووی شارۆچکەی کەلار لە بارەی کەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ رۆژنیوز وتی، کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەت تەنها لەڕووی شێوەوە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و نەیانتوانیوە کار بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵک بکەن.

پێشیوایە تا دێت کێشەکانی خەڵک قوڵتر دەبنەوە و باج زیاد دەکرێت، ئەو قەیرانانەش کە حکومەت دروستیان دەکات بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و بەلاڕێدابردنی کێشەکانی هاوڵاتیانە تا کێشە گەورەکانیان لەبیر بباتەوە، دەشڵێت بێدەنگی لایەنەکان لە بەرامبەر ئەو دۆخەی هەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕێکەوتنی ژێربەژێر لەنێوان لایەنەکاندا هەیە و کەمترین ڕەخنە لە حکومەت دەگیرێت.

هاوکات هاوڵاتی حسێن کامیل دانیشتوی کەلار دەڵێت، بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسییەوە کە حکومەت بە ناوی قەیرانی داراییەوە دروستیکردووە، تائێستا نەیتوانیوە زۆربەی پرۆژەکانی پێشوو بەکاربخاتەوە کە سەرجەمیان پرۆژەی پێویستن، هۆکاری ئەو کەمتەرخەمیانەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ململانێی نێوان دوو حزبی دەسەڵاتدار کە ناتوانن لەنێوان خۆیاندا ڕێکبکەون و خەڵک دەکەنە قوربانی ململانێکانی خۆیان.

وتیشی: خەڵک هێشتا کێشەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک، غاز،نەوت و ئاو و کارەبای هەیە، حکومەت سەرباری ئەوەی کە نەیتوانیوە چارەسەری کێشەکانی خەڵک بکات، تادێت باج لەسەر هاوڵاتییانیش زیاد دەکات.

دروشمی ئەم کابینەیە کە خۆی لە چاکسازیدا دەبینێتەوە، لە ماوەی ئەزموونی ئەم چەند مانگەی خۆیدا، ڕووبەڕووی ڕەخنە و نارەزایی زۆر بووەتەوەو نەیتوانیوە دروشم و بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، لە کاتێکدا هاوڵاتیان رووبەڕووی کەمی خزمەتگوزارییەکان و سەپاندنی باج بوونەتەوەو حکومەتیش سەرباری زیادبونی داهاتی ناوخۆیی، کەمترین پرۆژەش جێبەجێ دەکات.

س.ح