هاوڵاتیانی گەرمیان داوای یەک هەڵوێستی دەکەن دژ بە داگیرکاریی

هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، له‌ به‌رامبه‌ر بێدەنگییان دژ بە داگیركارییه‌كانی دەوڵەتی تورک، ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و حكومه‌ت و حیزبەکانی هەرێم دەکەن و داوادەکەن لەگەڵ خەڵکدا دژ بەو داگیرکارییانە بوەستنەوە و هەڵوێستیان هەبێت.


توێژه‌ جیاجیاكانی باشوری كوردستان به‌رده‌وامن له‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌ داگیركارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر باشووری كوردستان، به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی شاره‌دێی ڕزگاری سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، لەو بارەیەوە قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد.

لەسەر پرسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هیوا هاشم، دانیشتووی شاره‌دێی ڕزگاری، وتی: ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانیه‌ ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران بێده‌نگن له‌ ئاست ئه‌و داگیركارییه‌ به‌رده‌وامه‌ی توركیا بۆ سه‌ر باشووری كوردستان و قسه‌ییان له‌ده‌م نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ی میلله‌ت بۆ بێده‌نگه‌ و خه‌می هیچی نیه‌ و ده‌نگ هه‌ڵنابڕێت و بڕژێته‌ سه‌ر شه‌قام .

ئەو هاوڵاتییە باسی له‌وه‌شكرد، پێویسته‌ میلله‌ت ئه‌و داگیركاریی و وێرانكارییه‌ی توركیا بۆ سه‌ر خاكی باشوری كوردستان ده‌ستی داوه‌تێ و به‌رده‌وامه‌ قبوڵ نه‌كات و له‌ ڕێگای خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانه‌وه‌ فشار بخاتە‌ سه‌ر حكومه‌ت  بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین کات ئه‌و داگیركارییه‌ی توركیا ڕابگرن .

لەسەر هەمان پرس كارزان مه‌جید، هاوڵاتی، دووا و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە "سه‌رەڕای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت كپ و  بێده‌نگه‌، به‌شێكی زۆر له‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كانیش بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌ دژ به‌ داگیركاریی توركیا و هیچ هه‌ڵویستێكی جدییان نییه‌، كه‌ جێگای دڵخۆشكه‌ریی بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگیری له‌و داگیركارییه‌ بکرێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نها ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ یان هه‌ڵویستێكی میدیاییه‌ و ته‌واو، ئه‌مه‌ش هیچ له‌مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێت .

ئەوەشیخستەڕوو کە پێویسته‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كان، له‌ ڕێگای نوێنه‌ره‌كانیان له‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فشار دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو سه‌رۆكایه‌تییه‌ له‌و بێده‌نگییه‌ به‌خه‌به‌ر بێنه‌وه‌ و دژ به‌ توركیا وه‌ڵامیان هه‌بێت، ڕێگیری له‌ توركیا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ نه‌توانێ خاكی كوردستان داگیر بكات .

ک.س