شەممە, 23 يون 2018 – 07:30 ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ كرێكار
باشوری كوردستان لەژێر هەڕەشە و پەلاماریی سوپای توركدایە، ڕۆژانە بە شێوازیی جیاجیا دەوڵەتی تورك هێرشدەكات و گوندەكان و ناوچە سنورییەكان بۆردوومان دەكات، هاوڵاتیانیش ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای تورك بە پێویست دەزانن.
ژینۆ خەلیل، ڕۆژنامەنووس لە گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنانی گەلەكەمان لە هەر بەشێكی كوردستان، پێویستمان بە یەكڕیزیی و یەكگرتوویی هەیە، بەداخەوە لەبەرئەوەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان خاوەنی یەكێتییەكی نەتەوەیی بەهێز نییە، دوژمنان بە ئارەزووی خۆیان هێرش دەكەنە سەرمان و ئەوەی بیانەوێ دەیكەن و كەسیش ناتوانێت ڕێگیریان لێ بكات و لە هەندێ بەشیش وەك باشور حزب هەیە هاوكارییان دەكات.
وتیشی: پێویستە لایەنە سیاسییەكانی باشور بە یەك ھەڵوێست ڕووبەڕووی ئەم داگیركارییەی توركیا ببنەوە، نەك دوو حزب قسە بكات و چواری دیكە بێدەنگ بێت.
هاوكار محەمەد، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی لە گەرمیان، لەبارەی بێدەنگیی حزبەكانی باشور، لەبەرامبەر داگیركاریی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم، بە ڕۆژنیوزی وت: دوو حزبە دەسەڵاتدارەكەی باشور لەبەرئەوەی بەرژەوەندییان لەگەڵ توركیا و ئێراندا هەیە لەڕووی ئابوریی و بازرگانی و حزبییەوە، بێدەنگیان هەڵبژاردووە و نایانەوێ قسە بكەن ئەگەر هەولێریش داگیربكەن، بۆیە بەرژەوەندییەكانی خۆیان پێش بەرژەوەندی نەتەوەیی خستوە و دەنگیان لێوە نایەت و هەندێ لە حزبەكانی تریش تەنها بەیاننامە دەردەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو: پارتی بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لاواز نەبێت، ڕۆژ تا ئێوارە، هاوڵاتی مەدەنی بكوژرێت و خاك داگیر بكرێت جورئەتی وەڵامدانەوەی نیە و یەكێتیش بە هەمان شێوە.
هەروەها سیروان سلێمان، مامۆستا و كوڕی شەهیدێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و دانیشتوی شارەدێی ڕزگارییە، بۆ ڕۆژنیوز، باسی لەوە كرد: هێرشكردن بۆ سەر قەندیل هێڵی سورمانە و گیانفیدا دەبین لەپێناویدا، ئەگەر توركیا لەسەر ئەم ملهوڕیە بەردەوام بیت ئەوا باشترین وەڵام بۆی بەرەنگاربوونەوەیە، پێشمەرگە و گەریلا دوانەیەكی لەیەك دانەبڕاون و بە هێزی پۆڵاینیان هێرشی داگیركاریی تێكدەشكێننن، بەڵگەش شەڕەكانی گوڵاڵە و كەركوك و داقوقن، كە چۆن ڕووبەڕووی داعش بونەوە لەیەك سەنگەردا.
ئەوەشی وت: دەبێت لە باشور بە توندترین شێواز وەڵامی توركیا بدرێتەوە گەر بیەوێت هێرش بكاتە سەر قەندیلی لانكەی بەرخۆدان، كورد میلەتێكی ئازایە و دەتوانێت بەرگری بكات لە خاكەكەی، هەرگیز لە خەبات و تێكۆشان كۆڵی نەداوە، میلەتێكین بە شكۆمەندی ژیاوین و بە شكۆموندی دەمرین.
ك.ك