هاوڵاتیان ئیدانەی بۆردوومانەکانی شارباژێر دەکەن لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئامانجی ئەو هێرشانە داگیرکردنی باشوری کوردستان و لەناوبردنی گەلی کوردە، بێدەنگی حکومەتی هەرێمیش بە هۆکاریی بۆردوومانەکان دەزانن.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەیان هاوڵاتی دەبنە قوربانی، سەدان دۆنم لە زەوی و باخی هاوڵاتیان دەسوتێن، لەو چوارشێوەیەشدا ڕۆژی ٤-٨-٢٠٢٠ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک دەشتی کوێرەکانی و ژاژۆڵانیان لەناوچەی شارباژێر بۆردوومانکرد، بەهۆیەوە زیاتر ٣٠٠ دۆنم زەوی و باخی هاوڵاتیان سوتا، هاوڵاتیانی سلێمانی لەسەر ئەو بۆردوومانانە بۆ ڕۆژنیوز دوان.
محەمەد سابیر، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە، خەڵک شارباژێڕە، ئەو ئیدانەی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک دەکات و دەڵێت: ئەوان دژی کوردن و دەیانەوێت ئەو کیانەی لێرە هەیە لەناوی ببەن، ئێمە دژی هێرشێکی هەر دەوڵەتێکین بۆ سەر خاکی خۆمان جا هەر شوێنێکی ئەم هەرێمە بێت.
فەرمان عەزیز، گەنجێکی شاری سلێمانییە، پێی وایە کە دەوڵەتانی داگیرکەر و لە ناویاندا دوڵەتی تورک ئامانجی داگیرکاریی باشوری کوردستانە، دەیەوێت ویلایەتی موسڵ دروستبکاتەوە و بیکاتە موڵکی خۆی، ئەو گەنجە دەشڵێت: بەهۆی ئەویە حزبەکان خۆیان پێشڕەوی دەوڵەتان دەکەن بۆ داگیرکاری، بۆیە هیچ هیوایەک بە دامەزراوەیەک نەماوە تا هەڵوێست دژی ئەو داگیرکەریانە بنوێنن.
ئازاد پێنجوێنی ئەکتەر و هونەرمەندی لە لێدوانێکدا، دڵتەنگی خۆی لە ئاستی ئەو داگیرکارییانەی دەربڕیی، هەمووی خستە ئەستۆی حزبەکانی باشوری کوردستان، کە خۆیان ڕێگەدەدەن دەوڵەتانی داگیرکەر تا بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش کەلتور و فەرهەنگ و ئەقڵی تاکی کوردیشیان لەناوبردووە.
ئازاد پێنجوێنی، ڕەخنەی لە هونەرمەند و قەڵەم بەدەستەکانیش گرت، کە بێدەنگن لە ئاستی ئەو داگیرکارییانە، داواشی کرد کە هونەرمەندان ببنە پێشەنگی ڕاپەڕێنێک تا چیتر ئەو داگیرکاریی و هێرشانە نەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: دەبێت بێینە دەنگ لە ئاستی ئەم داگیرکاریانە ئەگەر بێدەنگی هەڵبژێرین ئەوا ڕۆژێ بە فڕۆکەکانیانەوە لە ئاسمانەوە دێنە خوارەوە بۆمان، تەنانەت بواری هەناسەدانیشمان بە ئازادیی بۆ ناهێڵنەوە، ئەواتا خەریکە سەیرانگا و ئاوی خواردنەوەشمان نەهێلن و و بە ئاشکرا بۆردوومانی دەکەن.
هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ دەیان ساڵە بەردەوامە و هەزاران کەس بوونەتە قوربانی، حکومەتیش هیچ هەڵوێستێکی ئەوتۆی نەناوە بۆ ڕێگریکردن لەم داگیرکەریانە، هاوڵاتیانیش بەردەوام ڕەخنە دەگرن، وەک خۆشیان دەڵێن ئیتر بێزاربوون لە قسەکردنێک کە هیچ سودیکی نەبێت، چونکە حکومەت تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی کاردەکات و خەمی میللەتی نییە.
د.ع