هاوڵاتیانی شارۆچكەی سەیدسادق دەڵێن ‘بۆئەوەی گەلەكەمان قازانج بكات پێویستە هەموولایەك كار بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆردا بكەین’ و بەپێویستی دەزانن، هەمومان دەست لەناودەست پشتیوانی یەكتربین بۆ دەرهێنانی پەكەكە لەلیستی تیرۆر.
هەوڵەكان بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر بەردەوامی هەیە و تادێت ژمارەی بەشداربوان لە كەمپەینی دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر لە زیادبووندایە و هاوڵاتیانی شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشدارییكردن لەو كەمپەین و هەڵمەتانەدا بە ئەرك دەزانن .
ئەحمەد حەمەئەمین، یەکێک لەو هاوڵاتییانە بە ڕۆژنیوزی وت: لەدوای شكستهێنانی پرۆسەی ئاشتیی لە توركیا، دەوڵەتی تورك گۆشەگیرییەكانی لەسەر ڕێبەری گەلی كورد ئۆجالانی توندتر كردووەتەوە، ئەویش لەبەر ئەوەیە، ئۆجالان تەنها زیندانییەك نییە، بەڵكو بیرمەند و فەیلەسوفێكە دەتوانێت كێشەكانی گەلی كورد دیاری بكات و چارەسەریش بۆ بخاتەڕوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە ڕۆژئاوای كوردستان دروستبوە، ئەنجامی گەورەی فكری ڕێبەر ئۆجالانە، كە توانیویەتی لەزیندانەوە جیاواز لەو سەركردانەی ئازادن لەدەرەوەن كێشەكان ببینێت و چارەسەریان بۆ بكات، توند كردنەوەی گۆشەگیرییەكانیش لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بۆ ئەوەیە، ئەگەر گۆشەگیرییەكان لەسەر ئۆجالان توند نەكاتەوە، دەتوانێت لەزیندانەوە كێشەكان دیاریبكات و چارەسەری بۆ پێشبخات.
بەگرنگیشی زانی، فشارە مەدەنییەكان زیاتر بكرێت، بەتایبەت لەئاستی دەرەوە، چونكە ئەوانە كاریگەریی زۆریان دەبێت بۆ لابردنی گۆشەگیرییەكان، دەبێت لەناو خەڵكدا ئەو هۆشیارییەی بڵاوبكرێتەوە، بۆچی گرنگە پەكەكە لەناو لیستی تیرۆردا دەربهێنرێت، گەلی كورد پێویستی زۆر بەو فكر و ڕێبازەیە.
ڕەوا یاروەیس، هاوڵاتییەكی تری سەیدسادقە و دەڵێت: زۆر كەس لەدونیادا هەن، هەست بەوەدەكەن پەكەكە هێزێكی گەلە، پەكەكە شەڕی بەهاکان دەكات، ئەو كاتەش بەها قازانجیكرد بەئاسانیش گەلەكەی قازانج دەكات، دووژمنانی گەلەكەمان هەمیشە ترسیان لەسەر ئەم فكرە هەیەو لێی ترساون، بەوەی ئەو فكرە ڕۆژێك زیاتر بچێتە پێشەوە، تەنگەتاویی زیاتر لەلایەن دووژمنانەوە دروستدەبێت، دووژمنانی گەلەكەمان بۆ ئەوەی دژ بەو پرۆسەیە بوەستن، گۆشەگیریی سەر ڕێبەرایەتی توند دەكەن، داگیركەران لە فكر و ئایدۆلۆژیای ڕێبەرایەتی ترساون هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو فكرە تەشەنە نەکات.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەوڵەتی تورك بەردەوام لەو كەسانە ترساون، هەوڵی دەرهێنانی پەكەكە دەدەن لە لیستی تیرۆر، چونكە پەكەكە هێزێكی ئەخلاقیی و بەهادارە، هەر هەوڵێكیش بۆ دەرهێنانی هەبێت لە لیستی تیرۆر لەلایەن هەر كەس و حیزبێكەوە بێت، پیرۆزە پشتگیرو پشتیوانی و لێدەكەین، پێویستە تاكی كورد لە باشووری كوردستان هەست بەئەوە بكات، قۆناغێكە دەبێت هەموومان دەست لەناودەست پشتیوانی یەكتربین بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر
س.س