هاوڵاتیان بە ئومێدەوە لە قەندیل دەڕوانن و نیگەرانن لە دەسەڵاتدارانی هەرێم

هاوڵاتیانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بە ئومێدەوە لە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد دەڕوانن و پێیانوایە، کە قەندیل دەبێتە مژدەدەری ئازادیی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرن کە بەرامبەر بۆردوومانەکان بێدەنگن، هاوکات بیانووەکانی حکومەتی عێراقیش بۆ نەپاراستنی سنوورەکان بەلاواز دەزانن.


بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشوری کوردستان بەردوامیی هەیە و تائێستا چەندین کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە، لەوبارەیەوە هاوڵاتیانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و سەرسوڕمانیی خۆیان لەبەرامبەر بێدەنگیی و "هەڵوێستی شەرمنانە"ی حکومەتی هەرێم دەخەنەڕوو.

عەزیز نواوەیی، یەکێک لەو هاوڵاتیانەیە و ڕەخنەی لە بێدەنگیی حزبەکان و دەسەڵاتی باشوری کوردستان گرت و وتی: دڵگرانین بەرامبەر بە هەڵوێستی ترسنوک و لەرزۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ناتوانێت ناڕەزایەتیی بەرامبەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک پیشان بدات، کە ڕۆژانە هاوڵاتیان دەکەنە قوربانی، بەڕاستی ئێمە شەرم لەو هەڵوێستەیان دەکەین و تەنانەت گومان لە کورد بوونیشیان دەکەین، دەبێت هەر کوردێک لە هەر شوێنێکبێت پشتیوانییەکتریی بکات.

نواوەیی، بە ئومێدەوە لە خەباتی گەریلاکان دەڕوانێت و لەوبارەیەوە وتی: دڵنیابن قەندیل مژدەی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێیە و کۆتایی بە هەموو زوڵم و زۆرداریی و چەوسانەوەیەک دەهێنێت و خەباتی ڕەوای گەلی کورد سەردەکەوێت.

هەروەها، هاوڕێ کاسترۆ کەسایەتیی دیاری سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، باسی لە مێژووی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باشوری کوردستان کرد، کە ساڵانێکی درێژە کردوویانەتە نەریتێکی دوژمنکارانە و وتیشی: ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە پەلکێشکردن و پێش دووژمن کەوتنە، پێویستە هەڵوێست لە دژی ئەوەش وەربگرین.

هاوڕێ کاسترۆ تیشکی خستەسەر دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە لە باشوری کوردستان و باسی لەوە کرد، کە دووژمنان دەستیان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا هەیە، وتیشی:"چاوەڕوانکراوە کە ئێران و تورکیا سنوورەکان و هاوڵاتیان بۆردوومان بکەن، جێگەی سەرسوڕمانە کە حکومەتی هەرێم لەو بارەیەوە بێ هەڵوێست و بێدەنگە، جیا لەو بابەتەش حکومەتی ناوەندیش بیانووی جیا جیا بۆ ئەو بابەتە دێننەوە و بیانوکەش بیانوی نیشتمانی و سیادەیی نین.

کاسترۆ ئەوەشی وت: بە درێژایی مێژووی کورد چیاکان جێگەی مانەوەی کوردان بووە، بە تایبەت قەندیل بووەتە پەناگا بۆ هەموو هێزەکان، بۆیە قەندیل شوێنێکی گرنگە و ئەگەر بکەوێتە ژێر دەستی هەر دووژمنێک مەترسیی بۆ سەر تەوای گەلی کورد هەیە.

س.ح