هاوڵاتیان بە گردبوونەوەیەک داوای دەرکردنی بارەگاکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن

لە سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بوونی بنکە و بارەگاکانیان لە باشوری کوردستان، بەڕێوەچوو، بەشداربووانی گردبونەوەکە جگە لەداوای دەرکردنی سوپای تورک داوایانکرد، خەڵک بایکۆتی دراما تورکییەکان بکات.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شەقامی سەهۆڵەکە (سالم) لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی زەردەشتییەکان، گردبوونەوەیەک لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

لە گردبوونەوەکەدا هاوڵاتیان بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "خوێنی ئێمە خاکمانە، تورکی فاشیست کوردستان وڵاتمانە"، "دەست لە ناو دەست کوردەکان یەکبگرن دژی سوپای ئەردۆغان" و هەروەها چەند دروشمێک بۆ بایکۆتکردنی درامای تورکی، ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا.

پیر کامیل-ی مەزدا سەنایی، لێپرسراوی بەشی ئایینی ناوەندی فەرهەنگ و فەلسەفەی زەردەشتیانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: کوردستان لە بەردەم هەڕەشەی داگیرکاریی و لەشکرکێشی تورکیادایە و هەزاران سەربازی تورک بە چەکی قورسەوە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و دەیان بنکە و بارەگای سەربازییان دامەزراندووە، بەم لەشکرکێشییانە وێڕای شکاندنی شکۆ و سیادەی هەرێمی کوردستان، ئاژاوە و جەنگی تۆقێنەریان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە کە نیازەکەی بەڕوونی دیارە کە ڕەوپێکردن و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکە لە زێدییان و نیشتەجێکردنی خەڵکانی عەرەب و تورک.

هەروەها ئاماژە بەوە کرا: لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان ترسناکە و نەخشەیەکی لە مێژینەی تورکەکانە کە هەمیشە چاویان لە سەر خاکەکەمانە و بەم هەڵمەتە نوێیەشیان زۆر ئاشکرا دیارە کە بە تەواوی دەیانەوێت بمانسڕنەوە، بۆیە داوا لە تەواوی خەڵکی کوردستان و حزبە سیاسییەکان و تەواوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین تواناکانیان بۆ کردنە دەرەوەی سوپای تورکیا یەکبخەن .

ئەو رێکخراوە لە کۆتاییدا داوای درێژەپێدان بە بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و زنجیرە و دراما تورکییەکانیان کرد.

دواتر بە وتنەوەی دروشمەکانی "یەکە، یەکە یەکە گەلی کورد یەکە" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی بە چالاکییەکە هات.

ک.س