رۆژنیوز- سۆران
چالاكوانان و كەسایەتییە سیاسییەكانی سنووری سۆران داوادا دەكەن، حكومەتی عێراق و هەرێم ڕێگە لە هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بگرن و پێیانوایە، دەوڵەتی توركیا ئەم هەنگاوانەی بۆ داگیركردنی تەواوی كوردستانە.
شەوی ١٧ی نیسان، دەوڵەتی داگیركەری تورك، بە هاوكاریی و هەماهەنگی پەدەكە هێرشی زەمینیی بۆ سەر ناوچەكانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە باشووری كوردستان دەستپێكرد، ئەوەش لەكاتێكدایە لە ١٥ی مانگەوە هێرشی ئاسمانیی بۆ ئەو ناوچەیە دەستپێكردووە و تائێستاش هێرشەكان بە هاوكاریی پەدەكە بەردەوامەو چەندین بنكەو بارەگای نوێش لەلایەن توركیاوە بنیاتنراون.
شەماڵ وەرتی، كەسایەتی دیاری سیاسی لە دەڤەری سۆران پێیوایە، هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان زیانێكی زۆری لە خاكی هەرێم داوە و ئەم هێرش و داگیركاریانەش وای كردووە، كە ناوچەكانی بادینان و برادۆست و بناری قەندیل بەردەوام زیانی زۆری مادی و گیانی لێبكەوێتەوە.

شەماڵ لەبارەی بەردەوامیی ئەم داگیركایریانە دەڵێت: توركیا بەردەوام ناوچەكانی كوردستان دەكاتە ئامانج و جیاكاری بەهیچ كەس ناكات، بۆیە چەندین گوند بەرەو چۆڵبوون چوون و چەندین جاریش خەڵكی سڤیل بونەتە قوربانی لەسەر ماڵ و ژیانی خۆیان.
بە پێویستیشی دەزانێت، دەستبەجێ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم هەوڵی جدی بدەن بۆ ڕاگرتنی ئەم داگیركاری و هێرشانەی توركیا و وتی: تادێت زیانی زیاتر و زۆرتر بەر خاكی هەرێم دەكەوێت و بنكەو بارەگای نوێ دروست دەكەن، دەبێت هێزو لایەنە كوردیەكان یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بێنە سەرخەت و ئەم هێرش و داگیركاریانە بوەستێنن بۆ ئەوەی چیتر خەڵكی كوردستان نەبێتە قوربانی و خاكی وڵات داگیرنەكرێت.
نیاز باڵەكی، مامۆستا و چالاكوان لە سنووری ئیدارەی سۆران لەبارەی هێرش و داگیركارییەكانەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە لە چوارچێوەی عێراق داین بۆیە پێش هەمووان دەبێت عێراق ڕێگە لەم داگیركارییانە بگرێت و ڕێگە نەدات سەروەریی عێراق پێشێل بكرێـت، بۆیە هەرێمی كوردستان و عێراق پێكەوە دەبێت هەڵوێستی جدیان هەبێت و وەڵامێكی توندی ئەم هێرشانە بدەنەوە و ڕێگە لەم داگیركاریانە بگرن، چونكە تا دێت ئەم هێرش و پەلامارانە بەرفراوانتر دەبن.

ئەو مامۆستایە وتیشی: لە ئێستادا دەوڵەتی تورك بەجۆرێكی خراپ ماڵە لەگەڵ خەڵكی ئەو سنوورانەدا دەكات كە داگیری كردوون، ڕێگە لە خەڵكی سنوورەكە دەگرێت بڕۆنە ناو باخ و كوێستان و سەرقاڵی ئاژەڵداریی و كارە كشتوكاڵییەكانیان، هەروەها چەندینجار هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی دەستگیركردووە و ڕفاندونی و خۆی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردوون، كە ئەمەش پێچەوانەی هەموو بنەما یاسایی و نەریتە نێودەوڵەتیەكانن.
س.س