ماوەى دوو ڕۆژە شەپۆلێکى بارینى بەفر ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە و لە بەرامبەردا هاوڵاتیانیش بەشێوەى جیاجیا دڵخۆشى خۆیان لەوبارەوە دەردەبڕن، لە سنوورى شارۆچکەى سەیدسادق ٢٥ سانتیمەتر بەفر باریوە و هاوڵاتیانى سنوورەکەش دەڵێن: ماوەی چەندین ساڵە بەفری لەم جۆرە لە ناوچەکەمان نەباریوە.
لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێکى بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و هاوڵاتیانیش بۆ دەربڕینی خۆشیی، لەناو بەفردا وێنەی یادگاریی تۆماردەکەن و شەڕە بەفر دەکەن.
ئەم هاوڵاتیانە دانیشتووی گوندی موانی سەر بە شارۆچکەی سەیدسادق-ن لە پارێزگای سلێمانی و سەرقاڵی شەڕە بەفرن.
سەرحەد سلێمان، دڵخۆشیی خۆی دەردەبڕێت، بە بارینی بەفر لە سنوورەکەیان و دەڵێت: نزیكەی ٢٥ سانتیمەتر بەفر باریوە لە گوندەكەمان، ئەوەش وادەکات زەوی تێر ئاو ببێت و بیرەكان هەمووی ببوژێنەوە و پڕ ئاو بن.

ئەسحەد حەمەجان، هاوڵاتیەكی دیكەیە و دەڵێت: بارینى ئەم بەفرە سودێکى زۆرە بۆ زەوی و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی و سەر.

سەنگەر مزەفەر دانیشتویەکى دیکەى گوندى موانە و ئاماژەى بەوەدا: ئەمڕۆ بەفرێكی زۆر باش باریوە و ئێمەش زۆر دڵخۆشین بەبارینی، چونکە چەندین ساڵە بەفری لەمجۆرە نەباریوە لە سنوورەکەمان، بەهۆى ئەوەشى ناوچەكەمان دەشتاییە زۆر دڵخۆشین پێى.

ماوەى چەند ڕۆژێکە شهپۆلێكی باران و بهفر ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە و لە هەندێ شوێنیشدا بەهۆى زۆرى بارینى بەفرەوە ئاستەنگى هاتووچۆ دروستبووە و لە بەشێکى دیکەى سنوورى پارێزگاکاندا دەوام ڕاگیراوە.
ئ.م