هاوڵاتیان: لە ١٧ی شوباتدا دۆخی خەڵک باشتربوو لەئێستا

بەشێک لەهاوڵاتیانی شاری سلێمانی، ڕایان وایە، کە دۆخی ژیانی خەڵک لە ساڵی ٢٠١١دا و لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات باشتربوو لە ئێستا، دەشڵێن: خوێنی شەهیدانی ١٧ی شوبات بەهەدەر چوو.


ئەمڕۆ ٩ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١، کە ماوەی ٦٢ ڕۆژ بەردەوامبوو، ڕۆژانە هەزاران کەس لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی کۆدەبوونەوە کە ناویان نابوو سەرای ئازادیی، داوای یەکسانیی و شەفافیەتیان دەکرد لە داهات و خەرجیەکاندا، هەروەها داوای خزمەتگوزاریی و هەلی کاریان دەکرد، دوای ٦٢ ڕۆژ بەردەوامبوون و شەهیدبوونی ١٠ هاوڵاتی لە سلێمانی و کەلار و چەمچەماڵ، بە زەبری هێز ئەو خۆپیشاندانانە کۆتاییان پێهێندرا.

بەشێک لە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، لەسەر خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و دەرئەنجامەکانی بۆ ڕۆژنیوز دوان.

ئاواتی فۆتۆگرافەر کە ماوەی ٣٢ ساڵە لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی کاری وینەگرتن دەکات، باس لەوەدەکات کە خەڵك بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی خۆیان هاتنە سەر شەقام، بەڵام دواتر خۆپیشاندانەکان بە حزبی کران بۆ بەدەستهینانی مەرامی تایبەتی حزبەکان.

ئاوات، نیگەرانی بەرامبەر پێشەنگانی خۆپیشاندانەکە هەبوو وتی: خۆپیشاندانەکان وەک شانۆگەریەکی لێهاتبوو، لەلایەن بەناو ڕۆشنبیرەکانی ئەم شارەوە خەڵکیان هاندەدا و پێیا دەوتن کە بڕۆن و دەسەڵات بڕوخینن، دواتر کە لێیان دەخوارد، دەهاتنەوە بەخەڵکیان دەوت با بە ئاشتی کێشەکانمان چارەسەربکەین.

سەیران قادر، هاوڵاتیەکی شاری سلێمانی، پێی وایە دۆخی ژیانی خەڵک ئێستا خراپترە لە کاتی خۆپیشاندانەکان و وتی: دوای ١٧ شوبات بارودۆخ ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر ڕۆشت، ماوەی ١٠ ساڵە هیچ شتێک بەرەو باشی نەڕۆشتووە.

عەبدولقادر مەجید، هاوڵاتیەکی دیکەی شاری سلێمانی، باس لەوە دەکات لە پێش ساڵی ٢٠١١ کێشەکان زۆر کەمتر بوون لەوەی کە ئێستا هەیە، هەروەها وتی: ئێستا کێشەی نەوت و غاز و کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاریی هەیە، بەڵام لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتدا ئەم کێشانە بونیان نەبوو.

بەیان مەعروف، یەکێکی دیکە لە هاوڵاتیانی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا چەندین گەنج شەهید بوون و جەرگی چەندین دایک سوتا، بەڵام هیچ شتێک بۆ ئەم خەڵکە نەکراوە و هیچ گۆڕانکاریەک ڕووینەداوە.

مەعروف شەریف، هاوڵاتییەکی دیکەی شاری سلێمانی ڕەشبین بوو بەرامبەر دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکان و وتی: دەرئەنجامی شەهید بوونی گەنجەکان لەخۆپیشاندانەکاندا یەکسانە بە سفر، چونکە هیچ شتێک لەپای شەهید بوونی گەنجەکاندا نەکراوە بۆ ئەم خەڵکە، باوردوخی ژیان زۆر خراپتر و قورستر بووە لە جاران.  

د.ع