هاوڵاتیان مەترسیی داگیرکارییەکان هەیەو داوایەک ئاراستەی لایەنەکان دەکەن

هاوڵاتیانی گەرمیان داوا دەکەن، کە هەموو لایەنە سیاسییەکان ناکۆکییەکانیان بەلاوەبنێن دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان، هەروەها داوا دەکەن هاوڵاتیان و تەواویی ڕێکخراوەکان دژی داگیرکاریی هەڵوێستیان هەبێت، دەشڵێن: داگیرکارییەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوا مەترسی لەسەر باشور زیاتر دەکات.


دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە داگیرکارییەکانی لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، هاوڵاتیان داوا دەکەن کە سوپای تورک لە باشوری کوردستان بکرێتە دەرەوە، لەو چوارچێوەیەدا هاوڵاتیانی سنووری گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و پەیامی خۆیان دژی داگیرکاریی دەخەنەڕوو.

ئه‌سما عه‌زیز، پێیوایە، سوپای تورك له‌ باشوری كوردستان به‌ بڕیار و هێزی لایه‌نێكی سیاسی ده‌رناچێت، به‌ڵكو پێویستی به‌ كۆده‌نگی و كۆهێزی سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی باشور هه‌یه، دەشڵێت: پێویسته‌ کەس  بێده‌نگ نه‌بێت له‌ ئاست ئه‌م داگیركارییه‌ مه‌ترسیداره‌ی ئێستا هه‌یه.

ئەسما داوا بەپێویست و ئەرکی دەزانێت، کە "گه‌ل و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌ له‌ ئاست ئه‌و داگیركارییه‌ی توركیا بێده‌نگ نه‌بن و فشار بخه‌نه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تا ئه‌وانیش كۆدەنگی دروست بكه‌ن و كۆتایی به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و سوپایه‌ بێنن، كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ بنكه‌ و باره‌گاكانی له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌ ئاره‌زووی خاكی باشور به‌كاردێنێت".

هەروەها كه‌ریم محه‌مەد بۆ دەرکردنی سوپای تورک لە باشوری کوردستان دەڵێت: ئه‌ركی سه‌ره‌كی له‌ ده‌ركردنی سوپای توركیا له‌ خاكی باشوری كوردستان، ده‌كه‌وێته‌  ئه‌ستۆی حزبه‌ كوردستانییه‌كان، هه‌موویان یه‌كڕیزی دروست بكه‌ن و واز له‌ په‌رته‌وازەیی نێوانیان بێنن و به‌رژه‌وه‌ندی گەل پێش بخه‌ن، دژی داگیركه‌ر به‌یه‌ك ده‌نگ و ڕه‌نگی كوردانە بوه‌ستنه‌وە.

لە ئێستادا سوپای تورک بەردەوامە لە داگیرکارییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمەش مەترسی زیاتری بۆ باشوری کوردستان دروستکردووە، لەمبارەیەوە کەریم محەمەد وتی: له‌ ئێستادا كه‌ داگیركاریی بۆ سه‌ر ڕۆژئاوا هه‌یه‌ ده‌ركردنی سوپای توركیا له‌ ناو خاكی هه‌رێم پێویستیه‌كی هه‌نوكه‌ییە و دەبێت‌ لەو پێناوەدا هه‌موو ناكۆكییه‌كان بەلاوەبنرێن.

س.ح