نادادیی كۆمەڵایەتیی هەزاران گەنجی لە وڵات ڕەنجاند و بۆ گەیشتنیان بە هەندەران سەركێشییان بە ژیانی خۆیانەوە كرد، كەچی حكومەتی هەرێم هێشتا نایەوێت شانبداتە بەر بەرپرسیارێتیی، بەڵكو بە تاوانباركردنی لایەنی تر دەیەوێت شانی خۆی لە بەرپرسیارێتی خاڵی بكات، لەبەرامبەریشدا هێشتا گەنجانێك ئومێدیان لێنەبڕاوە و نایانەوێت دەستبەرداری وڵاتی خۆیان ببن.
ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە، سەدان هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لە بیلاڕوسیاوە بەپێ بەڕێكەوتن بۆ سنووری پۆڵەندا، بەو ئامانجەی لەوێوە بگەنە وڵاتانی هەندەران، بەڵام بەهۆی تەنینی سنوورەوە بە هێزی سەربازیی لەلایەن پۆڵەنداوە تائێستا كۆچبەران نەیانتوانیوە بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
دیمەنی كۆچی كورد لە سنووری پۆڵەندا یەكێتی ئەوروپای هێنایە سەرخەت و كێشەیەكی قوڵی لەنێوان بیلاڕوسیا و یەكێتی ئەوروپادا دروستكردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم جگە لە تۆمەتباركردنی پەكەكە و هێرشكردنە سەر كۆچبەران و ئامادەنەبوو بەرپرسیارتی هۆكاری كۆچی هاوڵاتیان هەڵبگرێت.
ئەحمەد قاسم، گەنجێکی هەولێرە، تەمەنی ٣١ ساڵە و کارمەندی کۆمپانیایەکی دابەشکاری ساردەمەنییە، ئەو لەو کۆمپانیایەی کاری تێدادەکات مووچەکەی کەمترە لە کارمەندی بەنگلادیش و عەرەب ئەوەش بەناحەقی دەزانێت، بەڵام هەر سەرقاڵی کارەکەیەتی.
ئەحمەد، لەبارەی کۆچی هاوڵاتیان و گەنجانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا نیگەرانە و پەیامی بۆ هاوڵاتیان هەیە و دەڵێت: ڕاستە کوردستان گەندەڵی و نایەکسانیی و بێکاریی هەیە، بەڵام نابێت وڵات جێبهڵێین، دەبێت هاوڵاتیان لێرە بمێننەوە و هەوڵبدەن و تێبکۆشن دژی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە.
دەشڵێن: ئەگەر هەموان وڵات جێبهێڵین ئەی کێ بمێنێتەوە و ڕێ لەم بەعەرەب و تورک کردنەی وڵات بگرێت؟ پێویستە ئەوەمان لێ ون نەبێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێم پێیان خۆشە گەنجی وشیار و چالاک بڕۆنە ئەوروپا بۆئەوەی ساحەکەیان ئاسانتر بۆ چۆڵبێت و زیاتر تەراتێنی تێدابکەن.
یەكێك لە هۆكارەكانی كۆچكردن نەبوونی دەرفەتی كارە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام وتەبێژی حکومەتی هەرێم چەند جارێک ڕایگەیاندووە، ئەم كابینەیەی حكومەت ١٢٠ هەزار هەلی کاری ڕەخساندووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کوردستان ئازادی زۆرە.
لەبەرامبەر قسەكانی وتەبێژی حكومەتدا، فەتاح محەمەد، کە گەنجێكی شاری هەولێرە و سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆئەوەی وڵات بەجێبهێڵت وتی: هەلی کاری چی؟ من بەهۆی خراپی دۆخی ژیانم ناچارم شەو وڕۆژ ئیشبکەم بە دوو ئیش پارەیەکی وام دەست ناکەوێت بژێویی پێ دابین بکەم، ئینجا جەنابی وتەبێژی حکومەت باسی ئازادیی دەکات، کوا ئەو ئازادیی؟ دیارە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چاویان گیراوانی بادینان نابینێت، خەڵک کە خزمەتگوزاری و ئازادی هەبێت هیچ کاتێ وڵاتەکەی خۆی جێناهێڵێت، ئێرە وڵاتی حزب و قەزاوقەدەرە، چارەنوسی ڕۆڵەکان لەدەست چەند کەسێکە ئێستا من کاتێ ئەو قسانە ئەکەم ترسم لەخۆم هەیە تۆمەتێکم بۆ دروست بکەن و دەستگیر بکرێم.
ڕەوشی ناهەمواری سنووری پۆڵەندا و بێئومێدبوون لە دەربازبوون بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، كۆچبەرانی ناچار بە گەڕانەوەكردووە، هەفتەی ڕابردوو، ٤٣٢ كۆچبەر گەڕانەوە عێراق.
هێرۆ خالید، یەكێك لەو كۆچبەرانەی بیلاڕوسیا كە بەهۆی خراپی ڕەوشی سنوری پۆڵەندا و بێئومێدبوون لە دەربازبونیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا گەڕانەوە هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: ٩٠٪ی ئەوانەی كۆچ دەكەن كێشە و گرفتیان هەیە، هەیە نەخۆشە هەیە بێكارە و كەس لە خۆیشدا ئەو ڕێگە سەختە ناگرێتەبەر.
چالاكوانێكی مەدەنی پێیوایە، ئەوکۆچەی ئێستای هەرێمی کوردستان ڕاکردنە لەدەست نادادی دەسەڵات و نەبونی ئازادی بەهەموو ڕووەکانی و نەبونی هەلی کار و جیاوازی چینایەتی.
هاوژین هادی، چالاکوانی مەدەنی لەبارەی کۆچی بەکۆمەڵی هاوڵاتیان دەڵێت: کۆچکردن دیاردەیەکی ئاساییە ئەگەربەشێوازی یاسایی بێت، ئەویش کۆچ لەشوێنێکی خراپ بۆ شوێنێکی باش لەڕێگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، بەڵام ئەوکۆچەی ئێستای هەرێمی کوردستان ڕاکردنە لەدەست نادادی دەسەڵات و نەبونی ئازادی بەهەموو ڕووەکانی و نەبونی هەلی کار و جیاوازی چینایەتی.
“کۆچی ئێستای هەرێم تەنها کۆچی گەنجەکان نیە بەڵکو کۆچی خێزانەکانە بەئامانجی گەیشتن بەژیانێک کەشایستەی مرۆڤ بێت، بەئامانجی دابینکردنی دواڕۆژێک بۆ منداڵەکانیان” هاوژین هادی وای وت.
نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی، تائێستا دەوڵەت بەشێوازێکی ئەکادیمی توێژینەوەی لەسەر ئەو دیاردە ترسناکە نەکردووە بۆگەیشتن بەدەرئەنجام و چارەسەری بابەتەکە.
س.س