توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی، سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی پەکەکە کە بە قەڵەمبازیی ١٥ی تەباخ بەناو دەکرێت، بە ژیانەوەی گەلی کورد دەزانن و دەڵێن: خەباتی چەکداریی باکوری کوردستان لەسەردەستی پەکەکە، بوو بە ستراتیژییەکی قوڵ بۆ هەموو پارچەکانی تری کوردستان و یەکبوونێکی نەتەوەیی خوڵقاند، ئەرکی ئێمەشە وەکو گەل ئەو یەکبوونە بپاریزین.
٣٦تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی خەباتی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە کە لە ١٥ی تەباخ (ئاب)ی ساڵی ١٩٨٤، گەل و گەریلا بوون بە یەک و یەکەم فیشەکی ئەو شۆڕشە بەڕووی فاشیزم و داگیرکارییدا تەقێندرا، ئەم قەڵەمبازییەش بە ژیانەوەی گەلی کورد بەناو دەکرێت، دەربارەی گرنگی دەستپێکردنی ئەم خەباتە و کاریگەرییەکانی لەسەر پاڕچەکانی تری کوردستان، توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
لەم بارەیەوە شێرکۆ حەمەئەمین چاودێری سیاسیی دەڵێت: سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی لەسەر دەستی پەکەکە، هەم وەڵامێک بوو بۆ ئەو فاشیزمەی تورکیا کە ڕژێمێکی تا سەر ئێسقان فاشیزمە و لە دەرەوەی خۆی هیچ نەتەوەیەکی تر قبوڵناکات و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، هەم توانی بەهەموو جۆرێک ئەو ناسنامە نەتەوەییەی کە لە توانەوە و فەنابووندابوو جارێکی تر بژێنێتەوە، چ لە ناوخۆی تورکیا و چ لە پارچەکانی تری کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، یەکێک لە خاڵە هەرە پرشنگدارەکانی پەکەکە ئەوەبوو لەتەنیشت خەباتێکی ڕەوای چەکداریی بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد، هەم لە ڕووی فکریی و دیبلۆماسی و سیاسیی و لۆبی دروستکردن بۆ پرسی کوردیش، ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

دەشڵێت، لەڕێگای فکری ڕێبەر ئۆجالان و ڕێکخستنی پەکەکەوە هەمیشە خاوەنی پرۆژە و سیستمی چارەسەری بوون بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی گەلی کورد و تورکیا و گەلانی تریش، بەڵام فاشیزمی تورک و ئەردۆغان ئەم ئاشتی و چارەسەرییە ڕەت دەکەنەوە، جەختیشدەکاتەوە، سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی لە باکوری کوردستان لەسەر دەستی پەکەکە بوو بە ستراتیژییەکی قوڵ بۆ پارچەکانی تری کوردستان، پێویستە ئێمەش وەکو گەل ئەم یەکبوونە نەتەوەییە بپارێزین، بۆیە پیرۆزبایی لەو کەسانە دەکەم کە لەم خەباتە پیرۆزەدا بەشدارییان کرد و ڕۆحی تەواوی شەهیدانیش شادبێت.
هەروەها عەبدوڵا چالاک، پێشمەرگەیەکی دێرین، سەرەتا بەراوردێکی خستەڕوو لە نێوان ئەم شۆڕشە و سەرهەڵدانەکانی ڕابردووی گەلی کورد و وتی: لە مێژووی خەباتی ڕزگاریی گەلی کورددا، سەرهەڵدان و شۆڕشەکان ناوچەیی بوون و زۆرجار لە هەناوی خێڵ و بنەماڵەوە دروستبوون، کاریان لەسەر بیناکردنی تاک نەکردووە لەسەر فکر و ئایدۆلۆژیایەک یاخود ئازادی تاک و ژن، کاریگەری ئەقڵییەتێکی کلاسیکی بەسەرەوە بووە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ داهێنان و فکرێکی وەهای خوڵقاند، نەک هەر کوردستان مرۆڤایەتیش چاوی لێبکات.

عەبدوڵا چالاک، دەڵێت: ئەم ڕێبەرە مەزنە ئەوەی پێ وتین لەوە زیاتر کە چەک هەڵگرین و ناوچەیەک ڕزگاربکەین، تاکێک بینا دەکەین لەسەر فکر و ئایدۆلۆژیایەکی نەتەوەیی، کە سنور ناناسێت و باوەڕی بە کوردستانی مەزن هەیە، هەر بۆیە شۆڕشی ١٥ی تەباخ ژیانەوەی گەلی کوردبوو، دروستکردن و بیناکردنی تاکی کوردبوو لەسەر فکرێک کە کردار و گوفتاری یەک بێت، هەروەها لە پرسی ژندا ژنی کرد بە پێشەنگی خەبات.
سەما محەمەد، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، باس لە گرنگی دەرکەوتنی ئەم بزوتنەوە گەورە و کاریگەرە دەکات، کە لە کاتێکدا سەریهەڵداوە کە هیچ تروسکەیەکی ڕووناکی لە باکوری کوردستاندا نەبووە، وەک بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخواز دەرکەوتووە، هەروەها ئەم شۆڕشە ژنی کردە پێشەنگی کۆمەڵگا، بۆیە ژنانی کورد قەرزاری ئەو شۆڕشە مەزنەن، دەشڵێت: لە ساڵیادی ئەم شۆڕشەدا دەبێت ژنان زیاتر لە هەر کەسێی دیکە پیرۆزبایی لە خۆیان بکەن، چونکە بەهۆیەوە ژن توانی بەرگریی لە مافەکانی خۆی بکات، لەوەی کە ئیتر ژنان کارتێک نابن و بەکارناهێندرێن بە دەستی هیچ کەسێکەوە.

ش.ف