هاوڵاتیان ڕەخنە لە میدیاكان دەگرن و دەڵێن: بەرامبەر داگیركارییەكان بێدەنگن

هاوڵاتیانی شاری كەركوك ڕەخنە لە میدیا كوردییەكان دەگرن كە باسی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك ناكەن و دەڵێن، بەرامبەر داگیركارییەكان بێدەنگن و ئەوەش تەسلیمبوونە بە ئیرادەی ڕژێمی توركیا.


دەوڵەتی تورك هەموو ڕۆژێك هێرش دەكاتە سەر باشوری كوردستان و ناوچە سنورییەكان بۆردوومان دەكات و داگیركاریی بەڕێوەدەبات، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا میدیا كوردییەكان بێدەنگن، لەوبارەیەوە هاوڵاتیانی كەركوك بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

هێمن قاسم، چالاكوان، بۆچوونی وایە: بێدەنگبوون و باسنەكردنی داگیركاریەكانی ڕژێمی توركیا بەتایبەتی لە باشوری كوردستان لە لایەن هەندێك لە میدیاكانی حزبی و تەنانەت هەندێك میدیای ئەهلی، كە بە میدیای سێبەر ناسراون، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان ئەو لایەنانە یاخود ئەو میدیایانە لەگەڵ ڕژێمی توركیا.

دەشڵێت: میدیا سەرەكییەكان و سێبەرەكان هیچ گرنگییەك بە داگیركارییەكانی وڵاتی توركیا نادەن لە باشوری كوردستان، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا تەسلیم بوونە بە ئیرادەی ڕژێمی توركیا، بێگومان پیشەییبونیان نەپاراستوە، چونكە توركیا داگیركاریی دەكات و ئەوانیش بێدەنگن.

هەرمن ئەحمەد، ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان – كەنەكە، باس لەوە دەكات: بەو شێوەیە باسی داگیركاریی ناكرێت، كە هەیە، هێرشەكە زۆر زۆر لەوە مەترسیدارترە كە پێشبینی دەكرێ، چونكە سنوربەزاندنی وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر ئەمە لە هەموو یاساكانی نێودەوڵەتیدا قەدەغە كراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: مەترسییەكە هەر ئەوە نییە سەرەكی بێت و بڵێین بۆ قەندیلە، بەڵكو ئەمە بۆ سەر هەموو نەتەوەیەكی كوردستانە، بە ئێزدی و كاكەیی و هەورامی و سۆرانی و بادینییەوە، كەواتە لێرەدا هەڵوێستێكی نەتەوەیی گرنگە و هەڵوێستی میدیایی بارامبەر داگیركاریی زۆر گرنگە.

هەروەها د.ڕامیار سابیر، مامۆستای زانكۆ لە كەركوك، دەڵێت: هەموو ئەو كەناڵانە هەتاوەكو لەژێر سێبەری حزبەكاندابن ناتوانن ئامانجە نەتەوەییەكان بپێكن، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە ئەو كەناڵانە لەژێر كاریگەری حزبیی دەربچن و بە بیرێكی نەتەوەیی پەروەردە بكرێن.

ئەوەش دەڵێت: بە داخەوە لە كوردستانی ئێمە هەموو ئەو كەناڵانە ڕاستەوخۆ بوونەتە چاوساغی حزبە سیاسیەكان و بوون بە سێبەر لەپێناو هیچ، بۆیە هیچ كات ناتوانن حەق بدەنە پرسە نەتەوەییەكان.

ك.ك