ڕۆژنیوز – سەیدسادق
هاوڵاتییانى سەیدسادق ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر گەریلاکانى ئازادیی لە چیاکان نەمێنن، ئەوا حزبەکانى باشووریش نامێنن، دەشڵێن: گرنگە لایەنە کوردییەکانی كورد لەم سەردەمى داگیرکارییەدا یەكبگرن و پێکەوە ڕووبەڕووی دوژمنان ببنەوە.
بەشێک لە هاوڵاتیانى دانیشتووى شارۆچکەى سەیدسادق لە سنورى پارێزگاى سلێمانى لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکەوە بۆ سەر باشووری کوردستان بە چاوساغیى پەدەکە بەمجۆرە بۆ ئاژانسى ڕۆژنیوز دوان.
عەزیز حەمەساڵەح، هاوڵاتییەکى شارۆچکەى سەیدسادقە و بە ڕۆژنیوزى وت: توركیا ئامانجى لە هێرشەکانى بۆ سەر كوردستان تێكشكانی هەموو گەلى كوردە، نەك تەنها گەریلاكانی پەكەكە، چونکە دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٣ دا جارێکى دیکە دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچەکەدا زیندوو بكاتەوە.

ئەو هاوڵاتییە باسی لەوەشکرد: هاتنی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکى باشوورى كوردستان زیانی بۆ هەموو لایەنەكان بە چەپ و ڕاستەوە دەبێت، چونکە دوژمن جیاوازیی ناكات لەنێوان هیچ لایەنێكدا دوژمن هەر دوژمنە.
عەزیز حەمەساڵەح داواشی کرد، لایەنەکان جیاوازیی بیروبۆچوونەکانیان بەلاوە بنێن و ڕێگەنەدەن خواست و خەونەکانى ئەردۆغان و دەوڵەتی تورك بێتە دی، “چونكە ئەگەر گەریلاکانى ئازادیى لە چیاکان نەمێنن، ئەوا ئەوانیش نامێنن و لە ئێستاشدا سەركەوتنى گەلەکەمان تەنها بەیەكگرتن دەبێت”.
هەرێم ئەبوبەکر، هاوڵاتییەكی دیكەی شارۆچکەى سەیدسادقە و ئاماژەى بەوەکرد: بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك دەكەین بۆ سەر خاكی كوردستان و شەنگالیش بەشێكە لە خاكی باشووری كوردستان، گەریلا توانى شەنگال بپارێزێت و لە هەمانکاتیشدا توانیان گەلی ئێزدیی لە کۆمەڵکوژییەکى دیكە بپارێزن و ئەوەی خوێنی لەپێناو شەنگال بەخشیووە، گەریلاکانى ئازادى بوون و دواجاریش هەر ئەوان دەتوانن بیپارێزن.

هەرێم ئەبوبەکر باسی لەوەشكرد: ئەم هێرشانەى حكومەتی عێراق بۆسەر شەنگال، چوونە ناو هێڵى ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەیە، کە دەیانەوێت تەڤگەری ئازادیی و گەریلا بەشێوەیەكی گشتیی لەناوبەرن و هەروەها، مەبەستیانە خاكی كوردستان و كوردستانی گەورە بەجۆرێكی دیكە بەسەر خۆیاندا دابەشبکەنەوە.
ئەو هاوڵاتییە سەبارەت بە بێ هەڵوێستیی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەى خستەڕوو: حكومەتی هەرێمى کوردستان سیادەی نەماوە و لە ئێستادا تەنها بنەماڵەی بارزانیی سەرپەرشتى حكومەت دەكەن و ئەوانیش هەرخۆیان داگیركەرانیان هێناوە بۆس ەر خاكی كوردستان.
هەرێم ئەبوبەکر دەشڵێت: هەڵوێستی هاوڵاتیان دژى داگیرکارییەکان لە ئاستێکى باشدایە و پێویستە هەموو چین و توێژە جیاوازەكان بەردەوام بن لەبەرزكردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی، چونكە كاتێك گەریلایەك شەهید دەبێت كوڕ و كچێكی هەموو كورد شەهید دەبێت.
ئ.م