هاوڵاتییانی شاری سلێمانی داوای هەڵوێست لە حكومەتی هەرێم دەكەن دژ بە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك و دەڵێن: تورکیا دەیەوێت بە بیانووی پەکەکەوە کوردستان داگیربکات، بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان وای کردووە، تورکیا لەشکرکێشیی بکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
لە ١٧ی نیسانی ئەمساڵەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری و چاوساغی و پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی، هێرشێكی بەرفراوانی داگیركاریی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، ئەمەش ناڕەزایی تووندی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
یاسین حاجی محەمەد، هاوڵاتییەكی دانیشتووی سلێمانییە و بە ڕۆژنیوزی وت: کوردستان خاوەنی نییە، کوردستان بۆردومان دەکرێت لەبەر ئەوەی بێ خاوەنە، لەبەر ئەوەش کەس داکۆکی لێ ناکات، تورکیا خۆی بە خاوەنی ناوچەکە دەزانێت، لایەنە کوردستانییەکانیش دەستیان بە کڵاوەکانیانەوە گرتووە بۆ ئەوەی با نەیبات، چونکە هەر خەریکی ڕاوڕووت و پارە کۆکردنەوەن.

دڵزار عەبدوڵا، هاوڵاتییەكی ترە و داوا دەکات، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، دەست لە داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی کورد هەڵبگرێت و دەڵێت: هیوادارم حکومەتی کوردی خۆشمان هەڵوێستی هەبێت، ڕێگەنەدات سوپای تورک قاچ بخاتە خاکی کوردستانەوە، تورکیا دەیەوێت بە بیانووی پەکەکەوە کوردستان داگیربکات، بێ هەڵوێستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وای کردووە، تورکیا لەشکرکێشیی بکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

شیرین حەمە ئەمین، ژنێكی بەتەمەنی شاری سلێمانییە و وتی: جیاوازیی نییە لە نێوان کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا، دژی داگیرکایرییەکانی دەوڵەتی تورکم، ئێمە لە وڵاتی خۆمان دانیشتووین و کێشەمان بۆ هیچ وڵاتێک نییە، ئەوان داگیرمان دەکەن.

س.س