هاوڵاتییەك لە كەركوك كوژرا

لە شاری كەركوك پیاوێك كوژرا، پۆلیسیش دەڵێت: دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە ئەو پیاوە لەلایەن هاوسەرەكەیەوە كوژراوە.


شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی ئازادی لە شاری كەركوك پیاوێك كوژرا، دوای ڕووداوەكەش بكوژەكە لە بازگەی شارۆچكەی چەمچەماڵ دەستگیركرا.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك، بە ڕۆژنیوز وت: كوژراوەكە ناوی (م.ش) و لە دایكبووی ساڵی ٢٠٠٠، دوای كۆكردنەوەی زانیاری و هەماهەنگی لە شارۆچكەی چەمچەماڵ بكوژی ناوبراو دەستگیركرا، كە هاوسەری خۆیەتی بەناوی (ف ئ) كە ئەویش لە دایكبووی ٢٠٠٠ و لە كاتی دەستگیركردنیشی دەمانچەیەك و حەربەیەكی پێبووە و پاش لێكۆڵینەوە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.

هەر لەسەر ڕووداوەكە، ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە كرد: شەوی ڕابردوو تەرمێك دۆزرایەوە، دواتر بكوژەكە دەستگیركرا و ڕاستی و دروستی ڕووداوەكە ڕوونبووەوە، بەوەی كە ژنێك مێردەكەی خۆی بە فیشەك كوشتوە و تەرمەكەی جێهێشتوە و هەڵاتوە و دواتر لە لایەن ئاسایشی چەمچەماڵەوە دەستگیركراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، بڕیاریشە ڕادەستی پۆلیسی كەركوك بكرێتەوە و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە بەردەوامە.

 

ك.ك/هـ