وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، شەوى ڕابردوو هاوڵاتیەک لە شەقامى ١٠٠ مەترى لەناو ئۆتۆمبێلەکەى خۆیدا کوژرا و دواتر بکەرى تاوانەکە دەستگیرکرا، وتیشى: سێ لەو کەسانەى، کە هەشت ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیانیان دزیبوو دەستگیرکراون و شەش لەو ئۆتۆمبێلانەش دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەمڕۆ، هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند: کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکى شەوی ڕابردوو هاوڵاتیەک لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا لە شەقامى ١٠٠ مەترى بەناوى ناسراو سوار خورشید تەمەن ٣٠ ساڵ کوژرا و هەمان شەو تۆمەتبارى سەرەکى رووداوەکە بەناوى ( ژ، و، ح )، کە تەمەنى ٢٨ ساڵە دەستگیرکرا.
لەبارەى یانە شەوانەکانەوە وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر باسی لەوەکرد: هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ داخستنی یانە شەوانەکان، کە بەشێوەیەکی نەشیاو کاری تێدا دەکرێت.
سەبارەت بەبردنی هەشت ئۆتۆمبێلی لەلایەن کۆمپانیایەک هۆگر عەزیز وتی: بەر لە دوو رۆژە حاڵەتێکی فێڵکردن هەبووە، کە تێیدا هەشت ئۆتۆمبێلى جۆرى توێتا لاندکرۆزەر بە ناوی کارکردن لە کۆمپانیایەک دزراون و دواتر بکەرانى ئەو کارە خۆیان ونکرد.
لەبارەى دەستگیرکردنى ئەنجامدەرانى بکەرانى فێڵکردن و دزینى ئەو هەشت ئۆتۆمبێلە وتەبێژى پۆلیسى هەولێر ئاماژەى بەوەشدا: لەسەر ئەو ڕووداو، تاوەکو ئێستا دوو کەس لەگەڵ بکەرێکی سەرەکی ئەو فێڵکردنە دەستگیرکراون و لە ئێستاشدا شەش لەو ئۆتۆمبێلانە دەستیان بەسەرداگیراوە.
ئ.م