هاوڵاتیەكی دانیشتوی گوندى وەڵزەی سەر بە شارەدێی قەسرێ لە سنوری شارۆچكەی چۆمانی سەر بە پارێزگای هەولێرە، نزیكەی ٣٠ ساڵە كاری دروستكردنی (گۆپاڵ) دەكات و بەشی هەرەزۆری دەبەخشێت، تا ئێستاش بەشێكی كەمی لێ فرۆشتووە.
رەسوڵ حەمەدەمین، هاوڵاتیەكی باڵەكایەتیە و ڕۆژانە خۆی بە مشارێکەوە دەرواتە ناو چەم و لێواری ڕوبارەكان بۆ ئەوەی دارگۆپاڵێك بدۆزێتەوە و دواتر دەیهێنتـەوە ماڵەوە و دوای راستكردن و ئامادەكردنی لەسەر ئاگرێت گەرمی دەكات و بەو ئامێرەی لەماڵەوە دروستی كردووە، كە پێی دەڵێن (گۆپاڵ هێنانەوە) كە ئامێرێكی سادەیە دەیكات بە گۆپاڵ و بە تەل و بزمارێك دەیبەستێك تا نزیكەی هەفتەیەك و دواتر وەك خۆی دەڵێت، دوای هەفتەیەك بەشێوەیەكی جوان و هونەریانە توێكڵە زیادەكەی لێ دەكاتەوە و تەل و بزمارەكەی لێ دەكاتەوە و لەماڵەوە دای دەنێت بۆ بەخشینی ئەو كەسانەی، كە خاوەن پێداویستی تایبەتن یان بەساڵاچوون و پێیان دەبەخشێت.
مام رەسوڵ دەشڵێت، تا ئێستا چەند جارێك بەشێوەی كۆمەڵ گۆپاڵەكانم فرۆشتوون گەرنا زیاتر دەیان بەخشم، ئەگەریش بۆ فرۆشتن دروستیان بكەم، لە زۆربەی شوێنان دێن بۆ ئەوەی بیكڕن بە كۆمەڵ و چەند جارێكیش گۆپاڵەكانم فرۆشتوون، كە نرخەكەیان لە پێنج هەزار تا نزیكی ١٠٠ هەزاریش پارەی كردووە، بەڵام گۆپاڵی چاكن و لە داری چاكن.
مام رەسوڵ لەبارەى ئەوەى چى جۆرە دارێک دەكات بە گۆپاڵ دەڵێت، باشترین جۆری دار بۆ گۆپاڵ دار (كنێر)ە، وە داری (بناو) كە دووجۆری هەیە بناوی زەرد و بناوی بۆر بناوی زەرد باشترە و رەواجی زۆرە و لە داری (تاوك) كە ئەویش باشە، بەڵام داری كنێر لە هەموویان باشترە، چونكە هەم دارەكەی بەهێزترە و هەمیش بۆندارە و بۆنێكی خۆشی هەیە بەر بەردەوامی، كە ئەم دارە لە باڵەكایەتی زۆرە.
بە وتەی مام رەسوڵ ئێستاش گۆپاڵی خۆماڵی و ئەو گۆپاڵەی خۆمان دروستی دەكەین لە گۆپاڵەكانی هاوردە دەكرێن خواستی زیاتر لەسەرە و ئێستاش زیاتر خەڵك ئەم گۆپاڵانە بەكار دێنێت و زۆربەی ماڵەكان گۆپاڵی هەیە.
وتیشى، هەموو جۆرە دارێك ناشێ بۆ گۆپاڵ، بەڵكو ئەودارانەی كەوا شێوەیەكی راست و دروستییان هەیە بەشێوەیەكی ستوونی بەرە و ئاسمان هەڵكشاون بە بەرزی زیاتر لە مەترێك وەك داری، بناو، بی، داری مەران، تاوك و هەل هەلۆكە و چەند جۆرێكی تر، بەڵام باشترییان داری كنێرە.
گۆپاڵ یان گۆچان ئامرازێكە بەكاردێت لەلایەن زۆرێك لە خەڵكەوە بۆ ئاسانكردنی هاوسەنگی و ڕۆشتن، و زۆرجاریش بۆ جوانی و نوێ كردنەوەی كلتووری كوردەواری بەكاردێت و گۆپاڵ بە چەندین شێوە و قەبارە دروست دەكرێت.
گۆپاڵ و گۆچانیش هەندێك جیاوازیان هەیە، گۆپاڵ ئەو جۆرەیە، كە شوێنی دەستەكەی كەوانەكی خڕە و تەواو بازنەییە، كە دەكاتە شوێنی دەستگرتنی، بەڵام گۆچان دارێكی خۆرسكە و شێوەی پیتی T ئینگلیزی هەیە یان تۆزێك سەری بۆلای خوارەوە لار بووەتەوە بۆیە مرۆڤ دارەكە دەبڕێتەوە، شوێنی دەستی بە نزیكەی ١٥ تا ٢٠ سم دەبڕدرێتەوە لای خوارەوە بە نزیكەی مەترێك دەبڕدرێتەوە و بەكار دێنێت .
ئ.م