سەرەڕای سامانێکی زۆری غازی سروشتیی، هاوڵاتیانی چەمچەماڵ کێشەی کەمیی خزمەتگوزارییان هەیە، سەرۆکی شارەوانییش دەڵێت: یەک سەنتی پارەی پترۆ دۆلار بۆ شارەوانیی خەرج نەکراوە.
ئەمڕۆ دانیشتوانی گەڕەکی مامۆستایان(چلوهەشتییەکان)، لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و پاشان چوونە بینای شارەوانیی و یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی کرد.

لە یاداشتکەدا، تیشک خرابووە سەر کەمیی خزمەتگوزاریی، نەبوونی ئاوی خواردنەوەی پێویست و تەواونەکردنی پرۆژەی قیرتاوکردنی گەڕەکەکەیان، کە لە ساڵی ٢٠١٣-وە بڕیاری قیرتاوکردنی بۆ دەرچووە و نیوەی پرۆژەکە تەواو کراوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٤، بەهۆی تەرخاننەکردنی پارە لەلایەن حکومەتەوە، کۆمپانیای جێبەجێکار پرۆژەی جێهێشتووە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، کوێخا سالار شەوکەوت، موختاری گەڕەکەکە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردن، کە خەڵکی چەمچەماڵ کەسوکاری ئەنفال و شەهیدن، بەڵام بەدەست نەهامەتیی و نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتاییەوە دەناڵێنن، داواشی کرد، حکومەت هانی کۆمپانیای جێبەجێکار بدات، بۆ تەواوکردنی پرۆژەکەی.
ئامادەبوانی گردبوونەوەکە، باسیان لەوە کرد، کە ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بە دەنگیانەوە نەچێت، ئەوا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.
لە بەرامبەردا، ئارام نەجات سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ، هۆکاری ڕاگرتنی پرۆژەکەی بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە و وتی: داوای هاوڵاتیان ڕەوایە، بۆ جێبەجێکردنی تەواوی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی چەمچەماڵ، پێویستمان بە حەوت ملیۆن دۆلارە، بەڵام تاکو ئێستا شارەوانیی چەمچەماڵ سودمەند نەبووە لە یەک سەنتی پارەی پترۆدۆلار، لە ئەنجومەنی وەزیرانیش هیچ بەڵێنێکمان وەرنەگرتووە، کە جێگای دڵخۆشیی هاوڵاتیانی سنوورەکە بێت.
چەمچەماڵ دەوڵەمەندە بە غازی سروشتیی و یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی غازی سروشتیی لە عێراق، کێڵگەی کۆرۆمۆرە، کە لە سنووری چەمچەماڵە.
پارەى پترۆدۆلار، بریتییە لە دیاریکردنى دۆلارێک لەهەر ١٠٠ دۆلارێک-دا،لەداهاتى کێڵگە نەوتى و غازی-یەکان بۆ ئەو ناوچانەى کە کێڵگەى غازى سروشتى و نەوت-یان تێدایە، بەهۆى بوونى کێڵگەى غازى سروشتى کۆرمۆر، کە كۆمپانیای دانەغاز، کارى تێدا دەکات، لەسنووری شارەدێی قادركەرەم-ى سەر بە شارۆچکەى چەمچەماڵ، لە ٢٠١٧-وە پارەى پترۆدۆلار بۆ چەمچەماڵ دیارى کراوە.
ش.ف