شاهۆ حسێنی، گۆرانیبێژی خەڵكی شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ كلیپێك و پیشكەشكردنی بە گیانبەختكردووانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”، دەستبەسەر كرا.
دوێنێ شاهۆ حسێنی، كە خەڵكی شاری پاوەی سەر بە پارێزگای كرمانشان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بەهۆی وتنەوە و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ كلیپی “بێلا چاو”، لەلایەن هێزەكانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران دەستبەسەر كرا و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
ئەو هونەرمەندە، كلیپەكەی، كە وێنەی گیانبەختكردووانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” لە خۆ دەگرێت، پێشكەشی بەرخۆدانی گەلانی ئێران كردووە، كە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی پار دەستیپێكرد و تائێستاش بە شێوەی جیاجیا بەردەوامە.
گۆرانی بێلا چاو، كە بە واتای “ماڵئاوا جوانێ یان ماڵئاوا جوانكیلەكەم”ـە، ئەو گۆرانییەیە، لەكاتی شەری جیهانی دووەم، لە نێوان ساڵانی ١٩٤٣ تا ١٩٤٥ و لە گەرمەی شەری ناوخۆی ئیتاڵیا لە لایەن شۆڕشگێڕان دژی فاشیستی ئەو وڵاتە دەوترایەوە و دواتر بووە هێمای تێكۆشانی ئازادیخوازانە و بۆ سەر زۆربەی زمانەكانی جیهان وەرگێڕدراوەتەوە و لە لایەن هونەرمەندانی زۆرەوە وتراوەتەوە.
ڕ.ڕ