هۆکارەکانی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەخرێنەڕوو

چالاکوانانی باڵەکایەتی، دەڵێن، کە دەوڵەتی تورک بۆ ڕازییکردنی دڵی نەژاد پەرستەکان و لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد هەوڵی داگیرکردنی باشور دەدات و پەکەکەش دەکاتە بیانوو.


چالاکوانانی دەڤەری باڵەکایەتایی لە لێدوانیاندا بۆ ڕۆژنیوز، ئاماژە بە هۆکارەکانی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن و ڕێگاکانی بەرگرتن بەو داگیرکارییانەش دەخەخەنەڕوو.

کاروخ عوسمان، یەکێک لەو چالاکوانانەیە و پێیوایە، کە ئەردۆغان بەهۆی ترس لە ڕکابەرە بەهێزەکانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لەم هەڵبژاردنەدا تووشی پەلەقاژە بووە، بۆیە گشت کارتەکانی بەکاردەهێنێت و بۆ بەدەستهێنانی دەنگی نەژاد پەرستەکان هەوڵی زیاتری داگیرکاریی دەدات.

تابان ساڵح، چالاکوانێکی دیکەیە و وتی:"تورکیا خۆی بە خاوەنی هەرێمی کوردستان دەزانێت، بەڵام پەکەکەی کردووەتە بیانوو بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی".

ئەو چالاکوانە، وتیشی:"بێ دەنگیی و بێ هەڵوێستیی حکومەتی هەرێم بەواتای ڕازی بوون دێـت بەو داگیرکارییەی تورکیا، چونکە بەردەوام هاوڵاتیان شەهیدەبن و خاک داگیردەکرێت، کەچی هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نییە، ئەوەش زیاتر ڕێ خۆشکەرە بۆ دەوڵەتی تورک".

سۆران ئەحمەد، یەکێکی تر لە چالاکوانانی باڵەکایەتی پێی وایە ئامانجی چڕکردنەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان بەمەبەستی لاوازکردنی پێگەی کوردە، وتیشی:"لە هەر شوێنێک تروسکایەک هەبووبێت بۆ کورد ئەوان ویستویانە ئەم تروسکایەیش نەهێڵن".

سۆران ئەحمەد، باسی لەوەشکرد، کە دووژمنانی کورد سودیان لە پەرتەوازەی کورد بینیووە، بۆیە بە گرنگیی دەزانێت"ڕێکخستنی ماڵی کورد لە دروشمی سیاسیەکان دەربچێت و ببێت بە کردار، بۆ ئەوەی چیتر دوژمنانی کورد سود لەم دەرفەتە نەبینن، وە کوردیش لە نەهامەتی داگیرکەری ڕزگاری بێت".

 

 

ش.ف