هیچ یاسایەک بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان نییە

کارمەندانی بەرێوبەرایەتیی شوێنەوارە مێژووییەکان داوا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە یاسایەک بۆ پارستنی شوێنەوارە مێژووییەکان دەربکات.


ئەمڕۆ، شاندێک لە کارمەندانی بەڕێوبەریی شوێنەوارە مێژووییەکان سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-یان کرد و داواکارییەکیان ئاڕاستە کردن.

ئەو شاندە، ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کە لە هەرێمی کوردستان هیچ یاسایەک بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان نییە، بەو هۆیەشەوە ئەو شوێنەوارە مێژووییانە لەلایەن کۆمپانیاکان، بەرپرسان و دەزگا حکومییەکانەوە دەڕوخێندرێن و بینا و تەلاری دیکە لەجیاتییان دروست دەکرین.

شاندەکە، داوای کرد، کە پەرلەمان یاسایەکی تایبەت دەربکا بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان و بەسزاگەیاندنی سەرپێچییکاران.

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە سەر ناوی نووسینگەی پەرلەمان لە سلێمانی، پشتگیریی لە پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان کرد و ڕایگەیاند، کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی یاسایەک بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان دەربکرێت.

عومەر عینایەت ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و وتی: حکومەت چەند گرنگیی بە نەوت دەدات، دەبێت بەو ئەندازەیەش گرنگیی بە شوێنەوارە مێژووییەکان بدات.

ش.ف