دووشەممە, 15 يون 2020 – 13:47 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
نیوەشەوی ڕابردوو، لەیەککاتدا، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هێرشیان کردەسەر زاپ، برادۆست، کامپی پەنابەرانی مەخمور، شەنگال و گوندەکانی قەندیل.
لە هێرش بۆسەر شەنگال، ناوچەکانی ‘چلێ مێرا، نەخۆشخانەی سەردەشت، گەلی شیلۆ وکۆماسمۆقیا’ بۆردوومان کران و برینداری لێکەوتەوە.
هاوکات هێرش کرایەسەر ڕۆژهەڵاتی کامپی پەنابەرانی مەخمور و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا زیان بەر باخ و زەوی هاوڵاتیان کەوت.
لە هێرش بۆسەر گوندەکانی قەندیل، گوندەکانی زارگەلی، کۆزینێ، باڵایان، چیای درەبیە و چیای ناسر بۆردوومانکران، بەپێی زانیارییەکان ئەو هێرشانە هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.
لە هەرێمی برادۆست، هێرش کرایە سەر گەلیی لێتان کە دەکەوێتە سەروی سیدەکان، هەروەها دەوروبەری چیای شەکیف و خنێرەش بۆردوومانکران.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە لە کاتی هێرشەکاندا، کەرەستەی سەربازی گواستراوەتەوە بۆ چیادێل کە پێشتر سەربازانی تورکی لێبوون، دەوترێت حەفارە بۆ دروستکردنی ڕێگا و هەروەها جبەخانەیەکی زۆر گواستراوەتەوە بۆ ناوچەکە.
دوای هێرشەکان هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەدرا، جگە لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق کە تەنها هێرشەکەی شەرمەزار کردووە، پێچەوانەی هێرشەکەی پێشوو کە وەزارەتی دەرەوە و هێزە ئەمنییەکان شەرمەزاریان کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تا ئەم ساتە هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک نەداوە و بێدەنگیی خۆی پاراستووە.
چاودێرانی سیاسی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکەن کە لە پشتی ئەو بێدەنگییەوە کاریگەریی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر پشکی پەدەکە هەیە.
هاکان فیدان، سەرۆکی میت، ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، بە شێوەیەکی نهێنی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کردبوو، بانگەشەی ئەوەش کرا کە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی دەوڵەتی تورکیش لەناو ئەو شاندە بووە.
بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، شاندە تورکییەکە لەگەڵ مستەفا کازمی و کاربەدەستانی ئەمریکی و هەندێک لە بەرپرسانی پارتی کۆبوونەتەوە، باسی ئەوەش دەکرێت شاندەکەی دەوڵەتی تورک لەگەڵ کاربەدەستانی سەربازیی ئەمریکا لە بارەگایەکی سەربازیی لە دەرەوەی بەغدا کۆبوونەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا، نوێنەری هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەش ئامادەبوون.
لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەوترێت؛ دەوڵەتی تورک داوای کردووە بارەگا سەربازییەکانی لە عێراق زیاد بکات و هەروەها بابەتی سەربازیی دەربارەی پەکەکە قسەی لەسەر کراوە.
دەوترێت میت بە کاربەدەستانی عێراقیان وتووە، هەبوونی پەکەکە لە باشوری کوردستان بۆ ئەوان مەترسی دروست دەکات بۆیە ئەوان دژی پەکەکە بێدەنگ نابن.
سێ ڕۆژ دوای سەردانەکەی هاکان فیدان، هێرشێکی بەرفراوان دژی زاپ، برادۆست، کامپی پەنابەرانی مەخمور، شەنگال و گوندەکانی قەندیل ئەنجامدرا، بێدەنگی حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر ئەو هێرشانە بەجێی گومان دەزانرێت.
جێگای ئاماژەیە کە ئاسمانی عێراق لەژێر سەروەریی حکومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دایە، بۆیە دەوترێت دەوڵەتی تورک بەبێ ڕەزامەندیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ناتوانێت هێرشێکی لەم شێوەیە ئەنجامبدات.
ک.س