پێنجشەممە, 28 ماي 2020 – 14:50 ڕۆژنیوز – سلێمانی
https://youtu.be/MrqURlXY_1o”>
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک گوندی سەفرەی سەربە شارۆچکەی ماوەت-یان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کرد، لەو بۆردومانەشدا ئۆتۆمبێلێک و نەخۆشخانەی گوندەکەیان کردە ئامانج و ئەو کەسانەی لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوون گیانیان لەدەستد، دژ بەو دەستدرێژییە و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بیدەنگی حکومەتی هەرێم هاوڵاتیانی شاری سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دووان.
دارا حەسەن، لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: لە مێژووەوە تا ئێستا بە هەموو واتایەک زوڵم لە کورد دەکرێت و خۆشمان تا بڵێیت کەمتەرخەمین، چونکە ئەگەر ئیدارەیەکی بە توانامان هەبێت و خەڵکێکی خاوەن هەڵوێستمان هەبێت، ئەمانە ڕوونادات، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستەکانمان تەنیا لە چوارچێوەی قسەکردندا ماوەتەوە.
ئەو هاوڵاتییە ڕەخنەی لە بێ هەڵویستی حکومەتی هەرێم گرت و وتی: تورکیا و ئێران لەوەتی هەن چاویان بە کورد هەڵنایە، ئێستا بە داخەوە ئیدارەی کوردی هیچ کاردانەوەیەکی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە نییە و نازانم لە بەر بەرژەوەندییە یان نا؟ نازانم بۆ چاوپۆشی لەو ناڕەوایەتییە دەکات و نایەتە جواب، لە ماوەی ٢٩ ساڵ حوکمڕانی ئەمەیە هەڵوێستیان یانی نازانم چۆن شەرمەزار نابن، بوونی پەکەکە بیانوویەکە و ئامانجی تورکیا تەنیا کوردە، باشە ئەی ئەوان لێرە نەبن بچنە کوێ ئەگەر هاوڵاتی نەبن خۆ ئێرە خاکی ئەوانیشە.
هەروەها جەلال عەبدوڵا، باسی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک کرد کە ئامانجی داگیرکردنی هەموو کوردستانە، دەڵێت: تورکیا بەرنامەیەکی هەیە ئەویش فراوانکردنی دەوڵەتەکەیەتی لە سەر حسابی دراوسێکانی و دەیەوێت تەواوی بکات و ڕۆژ بە ڕۆژ و مانگ بە مانگ جێبەجێی دەکات و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، بۆیە بوونی پەکەکە بیانووە ئەی ئەگەر وایە بۆ بەرەو قوبرس و شوێنەکانی دیکە دەچێت.
جەختیشی لە سەر بوونی حکومەتێکی بنەماڵەیی و حزبی کردەوە و وتی: کاتێک باس لە حکومەت دەکەین ئەوا باس لە دوو زۆن و دوو عەقڵیەت و دوو حزب و بنەماڵە دەکەین ئەویش پارتی و یەکێتی، کە پارتی هەر لە زووەوە ڕادەستی تورکیا بووە، چونکە ئەگەر پارتی ئەو سیاسەتەی نەبوایە تورکیا نەیدەتوانی ئاوا بکات، بەڕاستی ئەمانە سەربەخۆ نیین و باوەڕییان نەماوە لای خەڵک و شۆڕشگێڕەکەی جاران نیین و ئەو خەباتەشی کە بەردەوام باسی دەکەن من بە ٢٥٠ دینار لێیان ناکڕم.
هاوکات هاوڵاتییکی دیکە بەناوی سەڵاح مستەفا، بەمجۆرە قسەیکرد هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر سنوور و گوندەکان و لەشکرکێشی بۆ ناو شارەکانی باشوری کوردستان هیچ ڕەوا نییە و شکاندنی سەروەری خاکی دەوڵەتێکی دیکەیە و شکاندنی یاسایە.
ئەوەشی وت: کە پێویستە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە سنوورێک دابنرێت بۆ ئەو لەشکرکێشانەیان، ئەگەربیانووی دەوڵەتی تورکیا هێرشە بۆ سەر پارتێکی کوردی ئەوا دەبێت بیرمان نەچێت کە لەگەڵ ئەم بۆردومانانە هاوڵاتیانیش زیانمەند دەبن، حکومەت نەک لەسەر هاوڵاتیان بەڵکو و لە سەر پەکەکەش دەبێت بێتە دەنگ، چونکە ئەوە سنووری وڵاتەکەمانە و هیچ لایەنێک مافی هێرش کردنیان نییە، ئەوەی تورکیا دەیکات ڕاگەیاندنی شەڕە دژ بە ئێمە.
ک.س