هێرش بەردەوامە و شەڕڤانانیش بەرخۆدان دەکەن

سوپای داگیرکەری تورک گوندەکانی ئاشمێ و عەین دیوار تۆپباران دەکات و فڕۆکە جەنگییەکانیشی بەسەر ئاسمانی سەرێکانی، دێرک و دەوروبەری دەسوڕێنەوە، شەڕڤانانیش وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و لە گوندی عەین دیوار-یش تانکێکی دووژمن تێکشکێندراوە و دوو سەرباز کوژراون.


هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دووەمین ڕۆژیدا بەردەوامە و فڕۆکە جەنگییەکانیشی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان سوپای داگیرکەری تورک لە ئێستادا گوندی ئاشمێ لە ڕۆژئاوای شاری کۆبانی تۆپباران دەکات.

هەروەها لە قەراغی چەمی دیجلەش گوندی عەین دیوار سەربە دێرک بە هاوەن لەلایەن سوپای تورکەوە تۆپباران دەکرێت، شەڕڤانانیش وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و تانکێکی سوپای داگیرکەریان تێکشکاندووە و دوو سەربازی سوپای تورکیش کوژراون.

لە چوارچێوەی هێرشەکاندا بەپێی دوایین هەواڵەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک بەسەر ئاسمانی سەرێکانی، دێرک ودەوروبەری دەسوڕێنەوە.

ش.ف