چوؤرشەممە, 12 سبت 2018 – 10:30 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لەبارەی لەسێدارەدانی زانیار مورادی، لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهی و هەروەها مووشەکبارانەکانی بنکە و بارەگاکانی حک و حدکا ٨ی ئەم مانگە لە کۆیە، نەبەز خالید، چالاکوانی سیاسی بۆ ڕۆژنیوز دووا.
نەبەز دەڵێت: هێرشی سەر کۆیە و لەسێدارەدانی گەنجانی کورد بێگومان پەیوەندیی بە دانیشتنە سێقۆڵییەکەی ئێران و تورکیا و ڕوسیاوە هەیە، ئەو هێرشانە بەردەوامیی سیاسەتی قڕکردنی گەلی کوردە، هەروەها پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشە، بەڵام ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باڵادەستە و قسەی یەکەم دەکات هێزە نەک هیچی دیکە.
وتیشی: ئێران و تورکیا و دەولەتانی دیکە باش دەزانن کە نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێم سیستمێکی ڕێکخراویان بۆ بەرگری لە خەڵک نییە، حکومەت لەلایەن چەند کەسەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەویش ئەو کەسانەن کە پارەیان دەوێت و هێزیان بەدەستەوەیە، دزی بۆ ئەوان گرنگ نییە، هەروەها بۆیان گرنگ نییە دوژمن چۆن دێتە ناو خاکمانەوە، چۆن خەڵک دەکوژێت و چۆن زۆردارییان لێدەکات، هەموو گەلی کورد ئەوە باش دەزانن کە ئەو کەسانە خۆیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیرادەی دوژمن دان و سیاسەتەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن.
لەکۆتاییشدا نەبەز خالید وتی: شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە قسەی بەتاڵە، چونکە ئەو هێزانەی لە باشوری کوردستان حکومەتیان بە دەستە و دامودەزگاکان بەڕێوەدەبەن، هەر ئەو هێزانەن کە هاوکاریی داگیرکەران دەکەن بۆ تۆپبارانکردن و کوشتاری خەڵک.
https://youtu.be/XNj-mAJKzfY?=
س.ح