هێزه‌کانی ڕزگاریی عه‌فرین چالاکییان ئەنجامدا

هێزه‌کانی ڕزگاریی عه‌فرین زنجیره ‌چالاکییه‌کیان له‌ دژی چه‌ته‌کانی سەربە ڕژێمی تورک ئه‌نجامدا و لایه‌نی که‌م پێنج چه‌ته‌ی داگیرکه‌ر کوژران.


هێزه‌کانی ڕزگاریی عه‌فرین ئەمڕۆ ڕاگه‌یه‌نراوێکی بڵاوکرده‌وه‌ و ئاشکرای کرد، کە ڕژۆی ١٥-١٦ی کانوونی دووه‌ له‌ ناوچه‌ی شێراوا و شه‌را-ی عه‌فرین دژی گرووپه ‌چه‌ته‌کانی فرقه‌ی هه‌مزه‌، فرقه‌ی ٢٣ و جه‌بهه‌ی شامیه،‌ که‌ سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی تورکن، چه‌ند چالاکییه‌کی کاریگه‌ریان ئه‌نجام داوه‌.

لە ڕاگه‌یه‌نراوی هێزه‌کانی ڕزگاریی عه‌فرین هاتووە: شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ به‌رده‌وامن له‌ چالاکییه‌کانیان دژی سوپای تورکی داگیرکه‌ر و گرووپه ‌چه‌ته‌کانی سه‌ر به‌ ئه‌وان له‌ عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ڕێکه‌وتی ١٥ و ١٦ی کانوونی دووه‌م له‌نێو شاری عه‌فرین و ناوچه‌کانی شێراوا و شه‌را ٣ چالاکیی کاریگه‌ر له‌ دژی داگیرکه‌ران ئه‌نجام دران و پێنج چه‌ته‌ کوژران، کە بەم شێوەیەن:

- ڕێکه‌وتی ١٥ی کانوونی دووه‌م\٢٥ی به‌فرانبار شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ له‌ گه‌ڕه‌کی مه‌حموودیه‌ی نێو شاری عه‌فرین له‌ دژی ئۆتۆمبێلێکی سه‌ربازیی سه‌ر به‌ گرووپی چه‌ته‌کانی فرقه‌ی هه‌مزه‌ چالاکییه‌کیان ئه‌نجام دا، له‌و چالاکییه‌دا چه‌ته‌یه‌ک کوژرا و ٣ چه‌ته‌ی دیکه‌ش به‌سه‌ختی بریندار بوون.

- ڕێکه‌وتی ١٦ی کانوونی دووه‌م\٢٦ی به‌فرانبار شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی گوندی باسووفان-ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی شێراوا دژی ئۆتۆمبێلێکی سه‌ربازی که‌ هه‌ژمارێک چه‌ته‌ی سه‌ر به‌ فرقه‌ی هه‌مزه‌ و فرقه‌ی ٢٣ی تێدابوون، چالاکییه‌کیان ئه‌نجام دا. له‌ چالاکییه‌که‌دا ٣ چه‌ته‌ کوژران که‌ یه‌کێکیان ناوی ئه‌حمه‌د راغب چه‌لۆ-یه‌.

- ڕێکه‌وتی ١٦ی کانوونی دووه‌م\٢٦ی به‌فرانبار شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ له‌ گوندی مالکیه‌ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی شه‌را له‌ دژی چه‌ته‌یه‌کی سه‌ر به‌ گرووپی جه‌بهه‌ی شامیه‌ چالاکییه‌کی نیشانه‌شکێنییان ئه‌نجام دا و چه‌ته‌که‌ کوژرا.


ک.ک