هێزەکانی دەلتا فۆرس گەیشتن و پێدەچێت ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکە دەستپێبکات

هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا (دەلتا فۆرس)، گەیشتە عێراق و پێدەچێت ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا لە عێراق دەستپێبکات، بانگەشەش دەکرێت کە فەرماندەی فەیلەقی قودس لە عێراقە.


لە ڕۆژانی ڕابردوو سوپای ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی لە عێراق جموجوڵێکی نائاساییان دەستپێکرد و ئەمریکا زۆربەی بنکە و بارەگاکانی ڕادەستی سوپای عێراق کردەوە و هەموو هێزەکانی لە بارەگای عەین ئەسەد کۆکردووەتەوە.

بەشێک لە ڕاگەیاندنە عەرەبییەکان باسی ئەوە دەکەن کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران (جێگری قاسم سولەیمانی) لە عێراقە و هەندێکیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی شەعیراتی سوریا کوژراوە.

لەلایەکی دیکەوە شەوی ڕابردوو چەندین مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی تاجی لە نزیک بەغدا کرا و لە وەڵامدا هێلیکۆپتەرەکانی ئاپاچی ئەمریکا بنکەیەکی حەشدی شەعبییان لە نزیک بەغدا بۆردوومان کرد.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی بەپەلەی عێراق، بڵاویکردەوە هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا (درلتا فۆرس)، گەیشتوونەتە عێراق کە تایبەتن بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان.

باسی ئەوەش دەکرێت کە لە ئێستادا هەموو گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق ڕاگیراوە و لە شەوی ڕابردووەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بەسەر ئاسمانی بەغدای پایتەخت سووڕاونەتەوە و هەندێک لە فڕۆکە جەنگییەکان تا نزیک سنوورەکانی ئێران چوون.

کۆی ئەم بانگەشە و هەواڵانە، ئاماژەیە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا دژی بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و ملیشیاکانی لەم وڵاتە کە پێشتر هەڕەشەی کردبوو، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی سەربازی ئەم هەواڵ و بانگەشانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. 

جێگای ئاماژەیە، هێزەکانی دەلتا فۆرس، هێزێکی تایبەتی ئەمریکایە و تەنها ئۆپەراسۆنە تایبەتەکان بەڕێوەدەبات و لەژێر فەرمانی، "فەرماندەیی نەتەوەیی ئەمریکا" کاردەکات، ئەم هێزە بوو کە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی 'ئەبوبەکرد بەغدادی' سەرۆکی چەتەکانی داعشی لە ساڵی ٢٠١٩ لە سوریا ئەنجامدا.

ک.س