سێشەممە, 3 يول 2018 – 12:50 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ، ڕاگەیاندنی هێزەکانی ٧٠ی سەر بە یەکێتی، لەسەر تەقینەوەکەی شەوی ڕابردووی کۆگای چەک و تەقەمەنییەکە لە شارەدێی تاسڵوجەی سەر بە شاری سلێمانی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە و چوار پێشمەرگەش بە سوکی برینداربوون، کە ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە.
ڕاشگەیەندراوە: لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و دیاریکردنی زیانەکان بەردەوامە، لە داهاتوودا و لە دوای تەواو بوونی لێکۆڵینەوە زانیاری لەسەر ڕووداوەکە بڵاودەکەینەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو، کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە تاسڵوجە تەقییەوە و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر ئاگر لە کۆگاکە بەردەوامبوو.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێش لەسەر رێگای هەولێر – پیرمام کۆگایەکی تری چەک و تەقەمەنی تەقییەوە.
جێگای باسە، مانگی ٨ی ساڵی ڕابردووش لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی فەرماندەی زێرەڤانی ئاگری گرت و تەقییەوە، هەروەها هەر لە هەولێر سەرەتای ئەمساڵ كۆگایەكی دیكەی چەك و تەقەمەنی لەسەر شەقامی نەورۆز تەقیەوە، ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵیش لە بەحرکە کۆگایەکی دیکە تەقییەوە.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی هێزەکانی ٧٠
ب.ل