ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ بەدواداچوونیان کردووە دەربارەی داخستنی سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام هێزەکانی پەدەکە لەسەر سنوور هیچ زانیارییەکیان پێنادەن و ڕێگرن و دەشڵێت: نە وەزارەتی دارایی و نە ئەنجومەنی وەزیران زانیارییان نییە لەم بارەیەوە.
سەبارەت بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا، د.شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: لەم بارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران و کۆبوونەوەمان کردووە بۆ بەدواداچوون، بەڵام ئەوانیش زانیارییان لەسەر نییە و بەگشتییش زانیاریی لەسەر خاڵە گومرگییەکان و داهاتەکانیان زۆر ناشەفافە، هەروەها لایەنی بڕیاردەر و ئەو هێزەی کە دەوری دەروازەکەیان داوە، هیچ زانیارییەک نادەن و ناهێڵن هیچ زانیارییەکمان دەستکەوێت.

لەبارەی داخستنی سنوورەکانی هەرێم بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا وتی: بەپێی دەستوور خاڵە گومرگیی و سنوورییەکان سەربە دەوڵەتی عێراقن و بڕیاری داخستن و کردنەوەشیان دەبێت دەوڵەتی عێراق بیدات، واتا حکومەتی هەرێم بۆی نییە تاک لایەنە بڕیاری وەها بدات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتیشی: ئێمە لە داهاتووشدا لە هەوڵ و بەدواداچوونەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ کردنەوەی ئەو دەروازانە لەڕێگای وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەرێم و ڕێکارە پەرلەمانییەکان.
لە ١٦ی مانگی ڕابردووەوە، هێزەکانی پەدەکە دەروازەی سنووریی سێماڵکا و وەلیدیان بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا داخستووە، بەرپرسانی دیوی ڕۆژئاوای کوردستانی دەروازەکەش ڕایدەگەیەنن، پەدەکە هیچ ئاگادارییەکی پێ نەداون لەبارەی هۆکاری داخستنی دەروازەکەوە، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمیش لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ڕەتیکردەوە، هیچ بڕیارێكیان بەدەست گەیشتبێت لەسەر داخستنی ئەو دوو دەروازەیە.
س.س