پێنجشەممە, 14 ماي 2020 – 07:58 ڕۆژنیوز – بەرهەم لەتیف
https://youtu.be/SSI_yTL0vPU?t=1″>
ئاڵۆزییەکانی زینی ئەستێرۆکان “زینی وەرتێ” هێشتا درێژەی هەیە و ئەو هێزانەی گواستراونەتەوە بۆ ئەو ناوچەیە هێشتا نەکشێندراونەتەوە، لەوبارەیەوە مامۆستا ئیدریس دیبەگەیی نووسەر و چالاکوانی دانیشتووی شاری هەولێر بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
دیبەگەیی ئاماژەی بەوە دەکات، کە دەوڵەتی تورکیا ناهەموارییەکانی دۆخی عێراق دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەستێوەردانەکانی زیاتر بکات لە عێراق و باشوری کوردستان، دەشڵێت: ئێستا دەیەوێت باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و باشوری کوردستان داگیرکر بکات، وە ئەو ناوچەیەش بە موڵکی خۆیان دەزانن چونکە پێشتر لەژێر داگیرکاریی دەوڵەتی عوسمانیدا بووە.
هەروەها دەشڵێت: بێگومان دەستێوەردانەکانی تورکیا بەبێ هاوکارییکردن نییە لێرەوە، ئەوەش دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، کاتی خۆشی کە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم دامەزرا باڵیۆزی تورکیا وتی نامانەوێت قەوارە لە باشوری کوردستان دروستببێت، ئەمەی ئێستاش دەبێتەوە هۆی لاوازبوونی قەوارەی هەرێم.
ئەو چالاکوان باس لەوەش دەکات:”ئێمە بەدڵنیایی ئەوە دەزانین کە ئەو هێزەی جوڵەی پێکراوە بۆ زینی وەرتێ هەمووی میتی تورکی لەگەڵدا بووە و جلی پێشمەرگەیان پۆشیوە، ئەوە بۆ چاودێرییکردنی گەریلاکانی پەکەکە چوونەتە ئەوێ”.
ئیدریس دیبەگەیی جەختیش لە پێویستیی پیشاندانی هەڵوێست دەکات لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە و دەڵێت: پێویستە پارتە سیاسییەکان هەڵوێستی جدیی هەڵبڕن و واز لە بەیاننامە بهێنن، هەوڵێکی جدیی و کوردانە بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، پێویستە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالانیش بکرێتە زەمینەیەک بۆ ئەوەی هەمووان هەڵوێستێکی جدییان هەبێت بەرامبەر ئەو پرسە.
س.ح