خوێندکارانى زانکۆی هەولێری پزیشکیی، بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان لەناو حەوشەى بیناکەیان گردبوونەتەوە و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگرییان لێدەکرێت بێنە سەرشەقام و بۆ ئەو مەبەستەش دەرگای سەرەکیان لەسەر داخراوە.
لەکاتێکدا خوێندکاران خۆیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان ئامادە کردووە، هێزێکى زۆرى ئەمنیی لەبەردەم زانکۆی هەولێری پزیشکیی کۆبوونەتەوە.
هێزە ئەمنییەکان، دەرگای سەرەکیی بەشەکەیان داخستووە و ڕێگریى دەکەن لەوەى خوێندکاران بێنە دەرەوەى بیناکەیان و ڕێگەش بە خوێندکاران نادەن هاتووچۆ بکەن، بەو هۆیەشەوە ئەو خوێندکارانە لەناو حەوشەى بینای بەشەکەیان گردبوونەتەوە.
خوێندکارانى زانکۆی هەولێری پزیشکیی بە دەنگى بەرز دروشمى “خوێندکارانی سلێمانی ئێمەش لەگەڵتانین” لەئێستادا بەردەوامن لە گردبونەوەکەیان.
چوار ڕۆژە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، کۆیە، سەیدسادق، کەلار و ڕانیە و دوێنێش لە هەولێر دەستیپێکرووە و تێیدا داوای پێدانی دەرماڵەکانیان دەکەن.
دوێنێ خۆپیشاندانەکان لە شاری سلێمانی گرژیی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە و بە هۆیەوە ژمارەیەک لە خوێندکاران و ڕۆژنامەوانان هێرشیانکرایەسەر و ژمارەیەکی دیکەشیان بەر گازی فرمێسک ڕێژ دۆخی تەندروستیان تێکچوو.
ئ.م