"هێزە سیاسیەكان لە پرسی یەكگرتندا جدی نین"

چاودێرانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان، یەكگرتنی هێز و لایەنە سیاسیەكانی كورد بە پێویستیەكی هەنوكەیی دەزانن بۆ پێشگرتن لە مەترسی داگیركەران و دروستكردنی پەیامێكی هاوبەشی نەتەوەیی و سیاسی، ڕاشیدەگەیەنن، هێزە سیاسیەكان لەپرسی یەكگرتندا جدی نین، خۆسەپاندن، بێ متمانەیی و دەستوەردانی هەرێمایەتیش بە ئاستەنگ لەبەردەم یەكگرتوویی كورد دەزانن.


ئەگەرچی لە ئاستی گوتار و میدیایدا زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان ئاماژە بە گرنگی و یەكگرتووی و یەكێتی نەتەوەیی كورد دەكەن، بەڵام لە ئاستی پراكتیكدا تا ئێستا یەكگرتوویی هێزە سیاسیە كوردییەكان بەرجەستە نەبووە، لەو بارەیەوە ڕۆژنامەنووسان و چاودێرانی سیاسی شارۆچکەی سۆران بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

مستەفا گەڵاڵی، چاودێری سیاسی، هۆكارەكانی پەرتەوازەیی نێوماڵی كورد بۆ ململانێی نابەجێ و سیاسەتی هەڵە و خۆسەپاندنی پارتی و یەكێتی دەگەڕێنێتەوە كە دواجار وایكردووە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی لای تاكی كورد لاوازبێت و ئەم سیاسەتەش وایكردووە ئاستەنگ بكەوێتە بەردەم هەنگاوەكانی دروستكردنی یەكێتی نەتەوەیی و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەكانی باشور لەگەڵ بەشەكانی تری كوردستانیش هەبووە.

ڕەخنەش لە پارتی و یەكێتی دەگرێت كە لەپەیوەندییەكانیاندا سیاسەتی دابەشكاریان پیادە كردووە، ئەمەش بە زیان بۆ پرسی نەتەوەیی و سیاسی لایەنەكانی تر شكاوەتەوە و  كۆمەڵگای كوردیش لەم دووفاقیەی باشور زیانمەند بووە.

هەر لەسەر ئەو پرسە یونس حەمەڕابی، ڕۆژنامەنووس، پێیوایە دەبوو پێش گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییە لە ناوچەكەدا كورد یەكێتی بوونی خۆی لە چوارچێوەی كۆمەڵێك بنەمای هاوبەش ڕابگەیاندایە.

دەشڵێت: نەبوونی ئەو یەكدەنگی و یەك هەڵوێستییە نەتەوەییە زۆر دەربەفەتی زێڕینی لە بار بردوون كە لە مێژووی گەلی كورد هاتوونەتە پێش دەبوایە سەركردە سیاسیەكان بۆ بەرژەوەندی گشتی مامەڵەیەكی تەندروستیان لەگەڵ دەرفەتەكان بكردایە كە لەبەرژەوەندی گشتی بێت نەك بەرژەوەندی كەسی و حزبی.

ئەو ڕۆژنامەنووسە  چەند هۆكارێكیش وەك بەربەست دەخاتەڕوو كە وایكردووە كورد یەكگرتوو نەبێت بە تایبەت بێ متمانەیی  و خۆسەپاندن و بەكەم ڕووانین لە ئەوانی تر كە ئەمەش بەربەستێكی سەرەكیە و دەبێت هێزە سیاسیەكان  و لایەنەكانی كورد بڕیار بدەن، دەتوانن دۆخێكی تازە لە پەیوەندی و كاری هاوبەش بهێننەدی بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، چونكە یەكێتی نەتەوەیی و یەكگرتنی كورد زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا.

هەروەها عومەر خدركاكل، پێشمەرگەی دێرین، یەكێك لە گرفتە سەرەكیەكانی بەردەم نەبوونی  یەكگرتووی كورد بۆ دەستوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "گرنگترین دەستكەوت بریتیە لە كاری هاوبەش و یەكگرتوویی نێوان كورد كە ئەمەش بەداخەوە بەدی نەهاتووە، گرنگە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی دەستكەوتی نەتەوەیی و سیاسیمان ئاستەنگەكان لابەرین و بەكردەوە یەكگرتوویی كورد دروست بكەین و ئامانجەكانیش بریتیبن لە ڕەتكردنەوەی داگیركاری و پاراستنی شوناسمان".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات "دۆخی سیاسی ناوچەكە بۆ كورد بە ئاسانی لەبارنابێت ئەگەر خۆی كێشە و ناكۆكیەكانی چارەسەر نەكات و گوتارێكی هاوبەش دروست نەكات، چونكە چارەسەركردنی ئاڵۆزی نێوخۆیی و گەیشتن بە تێڕوانینێكی هاوبەش چاوگی سەرەكیە لە گەیشتنی گەلەكەمان بە ماف و ئازادییەكانی".

ک.س