هێمن مامەندی ڕۆژنامەنووس دەستگیرکرایەوە

دوای دوو ڕۆژ لە سەربەستکردنی درەنگانێکی شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند لە شاری هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرایەوە.


کاتژمێر یەکی شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر، چوونەوە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند و دەستگیریانکرد.

بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕایگەیاند ، شەوی ڕابردوو هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵی هێمن مامەند و جارێکی دیکە ئەو ڕۆژنامەنووسەیان دەستگیر کردوەتەوە.

تا ئێتستا ڕوونییە کە هێمن، بە چ تۆمەتێک دەستگیر کراوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیاریی هاوڕێکانی پێدەچێت، بەهۆی ئەو لێدوانانەوە دەستگیر کرابێتەوە کە دوای سەربەستکردنی بۆ کە ناڵەکانی ڕاگەیاندن دایی و تێیدا جارێکی دیکە ڕەخنەی لە بەرپرسانی هەرێم گرت.

هێمن مامەند، ڕۆژی ٢٤ی ئازار، لەسەر نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە بارەی دواکەوتنی مووچەوە، لەماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا و دوای ١٤ ڕۆژ لەدەستگیرکردنی ٥ی ئەم مانگە بە کەفالەتی ١٠ ملیۆن دینار سەربەستکرا.

ک.س