هێمن هەورامی: لە گفتوگۆداین بۆئەوەی یەک هەڵوێستبین لەبەرامبەر ڕۆژئاوا

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دڵ و دەروونمان لای خەڵکی خۆمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ  سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و دامەزاروەكانی تری حكومەتی هەرێم، لە گفتوگۆی بەردەوامداین بۆ ئەوەی یەك هەڵوێست بین لەبەرامبەر ڕۆژئاوای كوردستان.


ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان خستەڕوو.

هێمن هەورامی، لە کۆنگرەکەدا وتی: ئێمە لەگەڵ دۆزی ڕەوای گەلی كورد داین لە تەواوی پارچەكانی كوردستان، پەرلەمانی هەرێمی كاتێك كۆبانێ لەبەردەم هەڕەشەی داعشدابوو پێشمەرگەی ڕەوانەی ئەوێ كرد،  ئێستاش نیگەرانیەكی قوڵ و تەواومان هەیە بەرامبەر بە كشانەوەی بەشێك لە سوپای ئەمریكا لە سنوورەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەو کشانەوەیە ڕەنگە ڕێگا خۆشكەر بێت بۆ پەلاماری سەربازیی لە ناوچەكەدا.

وتیشی: پێمان وایە گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت لە چوار چێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە سوریا هەیە، بە مافە ڕەواكانی بگات، مافی هاوڵاتی بوون و ئیدارەدانی ناوچەكانیان هەبێت، پێویستە كورد لە چوارچێوەی پرۆسەی گفتوگۆكاندا، كە بۆ دەستوری سوریا دادەندرێت، بەشدار بێت و پێكهاتەیەكی سەرەكیی بێت.

هێمن هەرامی، جەختیکردەوە، کە بە هەموو شێوەیەك هێرش و پەلامارەكان ڕەتدەكەنەوە و لەگەڵی نین، ڕاشیگەیاند: دڵ و دەروونمان لەگەڵ خەڵكی خۆمانە لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەگەڵ  سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و دامەزاروەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان، نوینەرانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆمار لە گفتوگۆی بەردەوامداین بۆ ئەوەی یەكگوتاری سیاسیی هاوبەشمان هەبێت لەبەرامبەر پرسی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان.

ش.ف